ئەمەریکا ژمارەی سەربازەکانی لە عێراق ئاشکرا کرد

دوێنێ دووشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پنتاگۆن)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەربازی ئەمەریکی لە عێراقدا هەن.
پنتاگۆن ڕایگەیاند "بەهۆی زۆریی هەڕەشەکان لە ماوەکانی ڕابردوودا، ژمارەی سەربازەکانمان لە سووریا زیاد کرد."
پات ڕایدەر، گوتەبێژی پنتاگۆن لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "2500 کارمەندی هێزی ئەمەریکی لە عێراقدا هەن، جگە لە هەندێک هێزی پاڵپشتیی کاتی، کە جارجارە جێگیر دەکرێن."
ئاماژەی بەوەش کرد "بەهۆی ڕەچاوکردنی دیپلۆماسییەوە، وەزارەت وردەکاری زیاتر ناخاتە ڕوو."
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا دانوستانەکانی لەگەڵ حکوومەتی عێراق کۆتایی پێ هێنا و بەڵێنی دەستپێکردنی کشانەوەی هێزەکانی دوای هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی دووەم، دا.
بەرپرسانی ئەمەریکا وردەکارییان لەبارەی ڕێککەوتنی کشانەوەکە نەخستە ڕوو، بەڵام ڕێککەوتنەکە بریتییە لە "کۆتاییهێنان بە ئەرکی دژ بە داعش تا مانگی ئەیلوولی 2025، بەشێک لە هێزە ئەمەریکییەکان تا ساڵی 2026 دەمێننەوە بۆ پاڵپشتیکردنی ئەرکەکە دژی ڕێکخراوەکە لە سووریا."
ڕیدەر، هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاند "نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمەریکی لە سووریا هەن،ئەوەش دوو هێندەی ئەو ژمارەیەیە ئەمەریکا تا ئێستا بە ئاشکرا دانی پێدا ناوە، کە 900 سەربازە."
ڕۆژی دووشەممە پنتاگۆن ڕایگەیاند "ئەو هەزار و 100 سەربازە بۆ ماوەیەکی دەمێننەوە بۆ پاراستن و گواستنەوە و ئەرکەکانی دیکە."