دوایین دامەزراوەی تەندروستیی لە غەززە لە خزمەتگوزاری وەستا

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئیسرائیل، دوایین دامەزراوەی تەندروستیی لە باکووری غەززە لە خزمەتگوزاری وەستا. 

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕایگەیاند، ئەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەی ئیسرائیل دوێنێ هەینی دژی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس لە نزیک نەخۆشخانەی کەمال عەدوان دەستی پێ کرد، بووە هۆی ئەوەی دوایین گەورە دامەزراوەی تەندروستیی لە باکووری کەرتی غەززە لە خزمەتگوزاری بوەستێت.

ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکە بارەگاکەی لە جنێڤە، ڕایگەیاند "ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەندێک لە بەشە سەرەکییەکانی نەخۆشخانەکە لەکاتی هەڵمەتەکەدا وێران بوون."

سوپای ئیسرائیل پێشتر ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لە دەوروبەری نەخۆشخانەی کەمال عەدوان، لە بەیت لاهیا لە باکووری کەرتی غەززە دەست پێ کردووە، کە ئاماژەیە بۆ لێدان لە ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس، لە کاتێکدا وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین، ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە.

وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین ڕاشیگەیاند " پەیوەندیی لەگەڵ کارمەندان لەناو نەخۆشخانەی کەمال عەدوان لە بەیت لاهیا بچڕاوە، کە ماوەی چەند هەفتەیەکە لەژێر فشاری توندی هێزەکانی ئیسرائیلدایە."

ڕۆژی هەینی، وەزارەتەکە ڕایگەیاند، ئیسرائیل دەیان کارمەندی نەخۆشخانەکەی بۆ لێکۆڵینەوە بردووە لەنێویاندا د. حسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە. 

مونیر ئەلبڕش، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی تەندروستیی لە کەرتی غەززە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەر ئێستا لەناو نەخۆشخانەکەدان و دەیسووتێنن".

لای خۆیەوە سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند "هەوڵمان داوە کەمترین زیان بگات بە هاووڵاتییان و ئاسانکاریشی بۆ سەلامەتیی نەخۆش و کارمەندانی پزیشکی، پێش ئۆپەراسیۆنەکە کردووە."

سوپا، لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوەش کردووە "نەخۆشخانەی کەمال عەدوان بە ناوەندێکی تیرۆریستی دادەنرێت بۆ حەماس لە باکووری غەززە، کە بەدرێژایی جەنگ لێیەوە کاریان کردووە."

بزووتنەوەی حەماس لە بەیاننامەیەکدا، لێدوانەکانی سوپای ئیسرائیلی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند "بە توندی ڕەتی دەکەینەوە، هیچ دەرکەوتنێکی سەربازی یان بوونی ئەندامانی حەماس لە نەخۆشخانەکەدا بێت، جا چ لە لیواکانی قەسامەوە بێت یان هەر کوتلەیەکی دیکە بووبێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکە پاساوهێنانەوەیە بۆ ئەو تاوانە قێزەونەی سوپای داگیرکەر کردوویەتی بە چۆڵکردن و سووتاندنی سەرجەم بەشەکانی نەخۆشخانەکە، لە جێبەجێکردنی پلانی قڕکردن و ئاوارەکردنی زۆرەملێ."

 
 
Fly Erbil Advertisment