ڕێکخراوێک: زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو منداڵی سووری لە خوێندن دابڕاون

مامۆستایه‌ك له‌نێو قوتابییه‌كانی له‌ قوتابخانه‌یه‌كی سووریا
مامۆستایه‌ك له‌نێو قوتابییه‌كانی له‌ قوتابخانه‌یه‌كی سووریا

به‌ڕێوه‌به‌ری ڕێكخراوێكی سووری ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕی سێزده‌ ساڵی ڕابردووی ئه‌و وڵاته‌ زیاتر له‌ سێ ملیۆن منداڵی سووری له‌ خوێندن دابڕاون.

 دووشه‌ممه‌، 30ـی كانوونی یه‌كه‌می 2024، ڕه‌شا موحریز، سه‌رۆكی ڕێكخراوی "منداڵان ڕزگار بكه‌ن"، له‌ لێدوانێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتوویه‌تی، شه‌ڕی سێزده‌ ساڵی ڕابردوو له‌ سووریا، جگه‌ له‌ زیانه‌ گیانی و ماددییه‌كان، هاوكات زیانێكی گه‌وره‌ی به‌ ژێرخانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌ی سووری گه‌یاند.

ڕه‌شا موحریز ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، له‌ ماوه‌ی ئه‌و هه‌موو ساڵه‌دا، قوتابخانه‌كان زیانێكی گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت، به‌تایبه‌ت كه‌ زۆربه‌یان وه‌كوو په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئاواره‌كان به‌كار هاتووه‌.

سه‌رۆكی ڕێكخراوی "منداڵان ڕزگار بكه‌ن"، گوتووشیه‌تی، له‌ سێزده‌ ساڵی ڕابردوودا، سێ ملیۆن و 700 هه‌زار منداڵی سووری له‌ خوێندن دابڕاون.

ناوبراو داواشی له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی نوێی سووریا كرد په‌له‌ بكه‌ن له‌ به‌هاناوه‌چوون و ڕزگاركردنی منداڵانی سووریا له‌م دۆخه‌ نه‌رێنییه‌ی تێیدان.

 
Fly Erbil Advertisment