پەیامنێری کوردستان24: حکومەت دەستکاری مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی ناکات

K24 - هەولێر

ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چەند پرسێکی پەیوەست بە خەرجییەکان لە کۆبوونەوەدایە، بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریداوە دەستکاری مووچەی فەرمانبەران نەکرێت.

چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی وەزیرانی چەند بڕیارێکی گرنگ بدات لەبارەی رێکخستنی خەرجییەکان، پرۆگرامی بایۆمەتری و هاوبەشیی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتوون: لە یەکێک لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەدا رێکخستنەوەی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران باس کراوە و، بڕیاردراوە "مووچەی فەرمانبەرانی ئاسایی بە هیچ شێوەیەک دەستکاری نەکرێت و گۆڕانکاری بەسەردا نەیەت، بەڵکو تەنیا لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیی مووچە و دەرماڵەی پلەباڵاکان وەکو پێشتر بڕیاری لیدرابوو، کەمبکرێتەوە و رێکبخرێتەوە، بڕیاریشە دواتر حکومەت وردەکاریی کەمکردنەوەی مووچە و دەرماڵەی پلەباڵاکان روون بکاتەوە".

هەروەها بڕیاردراوە ئەو دەرماڵانەی نادادپەروەرییان تێدایە، دادپەروەرانە رێک بخرێنەوە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتوون، بڕیاره لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوودا شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری کێشە هەڵپەسێردراوەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، بچێتە بەغدا و لەسەر بنەمای ئەو لێکتێگەیشتنەی لەگەڵ حکومەتی عێراق دروست ببوو، گفتوگۆ بکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان "بەوپەڕی نیازپاکییەوە ئامادەیی دەربڕیوە بۆ چارەسەری کێشەکان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق و پاراستنی قەوارە و کیانی هەرێمی کوردستان و مافەکانی خەڵکی کوردستان".

 

Fly Erbil Advertisment