وەزیری پەروەردەی سووریا: دەستکاریکردنی پرۆگرامی خوێندن بۆ سڕینەوەی ئاسەوارەکانی ڕژێمی ئەسەد له‌ پلانماندایه‌

نەزیر قادری، وەزیری پەروەردەی سووریا
نەزیر قادری، وەزیری پەروەردەی سووریا

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێركردنی حكوومه‌تی كاتی سووریا سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستكاریكردنی پرۆگرامی خوێندن له‌ قوتابخانه‌، كه‌ مشتومڕی ناوه‌ته‌وه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ ده‌دات و ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ده‌ستكاریكردنه‌كه‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری مێژووی ڕژێمی به‌عس و ئه‌سه‌ده‌.

پێنجشه‌ممه‌، 2ـی كانوونی دووه‌می 2025، نه‌زیر قادری، وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێركردنی حكوومه‌تی كاتی سووریا له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا جه‌ختی كرده‌وه‌، پرۆگرامی خوێندن تا ئێسته‌ له‌ سه‌رجه‌م قوتابخانه‌ و ناوه‌نده‌كانی خوێندن له‌ سووریا وه‌كوو خۆیه‌تی و تاوه‌كوو پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند بۆ پێداچوونه‌وه‌ و وردبینیكردنی، به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

نه‌زیر قادری ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ته‌نیا فه‌رمانیان كردووه‌ به‌ لابردن و سڕینه‌وه‌ی ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ "شكۆمه‌ندی ڕژێمی ئه‌سه‌د" نیشان ده‌ده‌ن، هاوكات لابردنی وێنه‌ی ئاڵای ڕژێمه‌كه‌ له‌ سه‌رجه‌م كتێبه‌كانی پرۆگرامی خوێندن و دانانی ئاڵای شۆڕشی سووریا له‌ شوێنیاندا.

وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و فێركردنی حكوومه‌تی كاتی سووریا باسی له‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ندێك له‌ ڕاڤه‌ی ئایه‌ته‌كانی "قورئانی پیرۆز"، هه‌موار ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی "هه‌ڵه‌" له‌ناو پرۆگرامه‌كانی خوێندن دانراون.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە "گۆڕینی بابەتەکانی پۆلی یەک تاوەکوو سێی دواناوەندی لەلایەن دەسەڵاتدارانی نوێی سووریاوە، دەستدرێژییە بۆ سەر مافی پێکهاتەکان."

ڕوانگەی سووری پێی وایە "ئەو دەستکاریکردنە دەبنە هۆی دروستبوونی جیاوازی لە نێوان پێکهاتەکانی سووریا و داهاتووی وڵات ڕووبەڕووی مەترسی دەکاتەوە. بە تایبەت لەو دەستکاریکردنەدا دژایەتیی پێکهاتەکانی سووریادا بە ڕوونی هەستی پێ دەکرێت."

پێنجشه‌ممه‌، 2ـی كانوونی دووه‌می 2025، وەزارەتی پەروەردەی ئیدارەی نوێی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا دەستکاریکردنی پرۆگرامی خوێندنی پۆلی یەکەمی سەرەتایییەوە تاوەکوو سێی ناوەندی ڕاگەیاند.

ئەو گۆڕانکارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش مشتومڕێکی بەرفراوانی لێ کەوتەوە، بریتی بوون لە دانانی "زینۆبیا" بە کەسایەتییەکی خەیاڵی و سڕینەوەی مێژووی ئارامییەکان و کەنعانییەکان و سڕینەوەی مێژووی خوداوەندە دێرینەکان.

هەر لە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکارییانەدا، بەشێکی زۆری پرۆگرامی فەلسەفە سڕدراوەتەوە و گۆڕانکاری زۆر لە خوێندنی ئیسلامیدا کراوە. هەروەها وەزارەتەکە هەموو ئەو بابەتانەی لابردووە کە پەیوەندییان بە یادی "6ـی ئایار"ـەوە هەبووە.

 
 
Fly Erbil Advertisment