کچێکی دیکەی ئێزدی لە سووریا ڕزگاری بوو

لە دوای ڕووخانی ئەسەد پێشبینی رزگاربوونی ژمارەییەکی دیکەی کوردانی ئێزدی دەکرێت

سلڤانە خدر ڕزگاربووی دەستی داعش
سلڤانە خدر ڕزگاربووی دەستی داعش

بەرپرسی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش دەڵێت: دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و گۆڕانکارییە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە، پێشبینی دەکەم، ژمارەیەکی دیکەی کوردانی ئێزدی ڕزگار بکرێن و بگەڕێنەوە نێو کەس و کاریان.

حوسێن قائیدی، بەرپرسی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی کانوونی دووەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، پێشبینی ڕزگاربوون و گەڕانەوەی ژمارەیەکی دیکەی کوردانی ئێزدی لە سووریا دەکەن، بەتایبەتی دوای ئازادبوونی ژمارەیەکی زۆری زیندانییەکان، لەگرتووخانەکانی سووریا.

قائیدی ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی سەرجەم بێسەرشوێن بووانی ئێزدی.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سووریا، سلڤانە خدر، تەمەن 29 ساڵان کچێکی دیکەی ئێزدیی ڕزگاری بووە و بە تازەیی گەڕاوەتەوە نێو کەسوکارەکەی.

لەمبارەوە ملوکا خدر، خوشکە گەورەکەی سلڤانە، تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: لە کاتی داگیرکردنی شنگال لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە، لە 15ـی ئابی 2014، 12 ئەندامی خێزانەکەی لە گوندی کۆچۆ ڕفێندران و ئێستاش تەنیا دایک و برایەکم بێ سۆراغ ماونەتەوە.

هەر لە بارەی خوشکە ڕزگاربووەکەی گوتی: ئێستا سلڤانە لە ڕووی دەروونییەوە تەندروستی ناجێگرە و باسی ئەوەشی نەکردووە، چۆن لە ئیدلب ڕزگاری بووە و گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان.

بەگوێرەی ئاماری بەرپرسی ڕزگاربووانی ئێزدی دەستی داعش، لە کۆی شەش هەزار و 417 هاووڵاتی ڕفێندراوی ئێزدی لەلایەن داعش، تاوەکوو ئێستا سێ هەزار و584 کەس ئازادکراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment