بلینکن: ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئازادکرانی بارمتەکان نزیکە

ئەمڕۆ دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە سیئۆل ڕایگەیاند، گەیشتن بە ئاگربەست لە کەرتی غەززە نزیکە، جا لە ماوەی خولی سەرۆکایەتی جۆو بایدن، سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا بێت یاخود دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، لە 20 کانوونی دووەمی ئەم مانگە، دەبێتە سەرۆک.

بلینکن دەڵێت: "لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێککەوتن لە نێوان ئیسرائیل و حەماس دا بە ئەنجام دەگات و لەسەر بنەمای ئەو پلانە دەبێت، کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا پێشکەشی کردووە." 

گوتیشی: "هیوادارم ئەو ڕێککەوتنە زووتر بکرێت."

لای خۆیەوە، بەرپرسێکی بزووتنەوەی حەماس دوێنێ یەکشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، ڕایگەیاند "بزووتنەوەکە ئامادەیە 34 بارمتە لە قۆناغی یەکەمی ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئیسرائیلدا، ئازاد بکات."
ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان بزووتنەوەکە و ئیسرائیل دەستی پێ کردەوە، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر لە دەوحە.

بلینکن ئاماژەی بەوەش کردووە، حەماس هەوڵی زیاتر دەدات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام هێشتا ئەو بابەتە نەگەیشتووەتە ئەنجام.

دەشڵێت: "دەمانەوێت حەماس بڕیاری کۆتایی پێویست بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنەکە بدات و لە بنەڕەتدا دۆخەکە بگۆڕێت، بارمتەکان ئازاد بکات و بارودۆخی دانیشتوانی غەززەش باشتر بکات."

بلینکن لە دوای هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، کە بووە هۆی شەڕی وێرانکەری کەرتی غەززە، 12 جار سەردانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە.

 

 
 
 
 
 
 

Fly Erbil Advertisment