بەهۆی زریانە بەهێزەکەی ئەمەریکا لە دوو ڕۆژدا زیاتر لە چوار هەزار و 800 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشایەوە

دووشەممە، 6ـی کانوونی دووەمی 2025، بەهۆی زریانێکی بەهێزی زستانە، هێڵەکانی فڕۆکەوانی لە ئەمەریکا زیاتر لە 1300 گەشتیان هەڵوەشاندەوە.
ماڵپەڕی فلایت ئاوەر بۆ بەدواداچوونی گەشتەکان، بڵاوی کردووەتەوە " 414 گەشتی ئاسمانی دواکەوتووە، هەروەها 1306 گەشتی ئاسمانی دیکەش هەڵوەشاونەتەوە."
هێڵی ئاسمانی ساوس وێست ئێرلاینز، کە خاوەنی زۆرترین گەشتی هەڵوەشاوە بووە، 264 گەشتی هەڵوەشاوەتەوە، لە دوای ئەویش هێڵی ئاسمانیی ئەمەریکا ئێرلاینز دێت کە 176 گەشتی هەڵوەشاندووەتەوە.
هەروەها هێڵە ئاسمانییەکان ساوس وێست، ئەمێریکان، یونایتد و دەڵتا هۆشدارییان داوە سەبارەت بەو گەشتانەی کە کاریگەریی زریانەکەیان لەسەرە.
یەکشەممە 5ی کانوونی دووەمی 2025 ماڵپەڕی (Flight Aware) بڵاوی کردەوە، بەهۆی ئەو باهۆزە بەهێزەی ئەمەریکای گرتووەتەوە، تەنیا لە فڕۆکەخانەی شاری کانزاس 86% گەشتەکانی هەڵوەشاوەتەوە، بەمەش پشکی شێر هەڵوەشانەوەی گەشتەکانی ئەمەریکای بەرکەوتووە.
ناوەندی خزمەتگوزاری کەشوهەوای نیشتیمانی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە هاووڵاتییان و داوایان لێ دەکات، لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بۆ کاری پێویست، نەبیت دەرنەچن.
پێشتر ماری گیلبەرت، زانای کەشناسیی ڕایگەیاندبوو، زریانێکی بەهێز لە بەفر و بەستەڵەک، لە شەممە تا دووشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2025، بەردەوام دەبێت و ڕووبەرێکی فراوانی بە ئەندازەی 2400 کیلۆمەتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەگرێتەوە.