مەزلوم عەبدی: هەسەدە دەبێتە بەشێک لە سوپای نوێی سووریا

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" ڕایگەیاند، هێزەکانیان بەشێک دەبن لە سوپای نوێی سوریا. جەختیشی کردەوە، بێگومان ڕێک دەکەوین لەگەڵ ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە سەبارەت بە داهاتووی سووریا.
عەبدی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ سکای نیوز عەرەبی گوتی: "کاتێک هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ساڵی 2015 دامەزرا، گوتمان ئەو هێزانە بەشێک دەبن لە سیستەمی بەرگریی داهاتووی سووریا، مادام ئێستا پڕۆسەی بنیاتنانی سوپای نوێی سووریا هەیە، ئێمە بەشێکین لەم پرۆسەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد، لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا هاوڕاین لەسەر پرسە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە داهاتووی سووریا.
عەبدی دەشڵێت: "ئێمە لەسەر یەک پارچەیی خاکی سووریا ڕێککەوتووین، بەڵام وردەکاری زۆر لە پرۆسەکەدا هەیە کە سوورییەکان چاوەڕێ دەکەن چارە بکرێت."
عەبدی هەروەها باسی لەو کۆنفرانسە نیشتمانییە کرد کە ئێستا لە سووریا ئامادە کاری بۆ دەکرێت و گوتی: "تا ئێستا بانگهێشت نەکراوین، بەڵام بۆچوونمان لەسەر ئەو بابەتە ئەوەیە کە دەبێت هەموو پێکهاتەکان و هێزە سیاسییەکان نوێنەریان لەو کۆنفرانسە هەبێت و بەشداربن، بەبێ ئەوە پێموانییە ئەم کۆنفرانسە سەرکەوتوو بێت."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا وەک "هەسەدە" و ئیدارەی خۆسەر، بەشداریی لە کۆنفرانسەکەدا دەکات، یان وەک شاندێکی هاوبەش لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی بەشدار دەبێت، عەبدی گوتیشی: "ئێمە سوورین لەسەر بەشداری کردنی نوێنەری هەموو پێکهاتەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و هێزە کوردییەکان ."