150 خێزانە داعشیەکانی کەمپی هۆل لەڕێگەی شنگالەوە دەگوازرێنەوە مووسڵ

مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەینێت: ڕۆژانی داهاتوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی فیدراڵ 150 خێزانی داعشیەکانی کەمپی هۆل بە شنگال تێپەڕ دەکەن و دەیانگوازنەوە مووسڵ.
یەکشەممە 26ـی کانوونی دووەمی 2025، مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، ڕۆژانی داهاتوو وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی فیدراڵ 150 خێزانی داعشییەکانی کەمپی هۆل لە سووریاوە دەگوازێتەوە کەمپی جەدعە لە مووسڵ، بەڵام بۆ گەیشتن بە مووسڵ، لە شنگالەوە تێپەڕ دەبن.
دەڵێت: تێپەڕبوونی ئەو خێزانانەی داعش بە شنگال کە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان، بریندارکردنی هەستمانە، دەشڵێت: ئەو خێزانانەی وەزارەتی کۆچبەران چاودێریان دەکات، وەک بۆمبێکی داندراوەن و هەر کاتێک ئەگەریان هەیە بتەقنەوە، ئاماژە بەوە دەکات، وەزارەتی کۆچبەران بەو هەڵوێستەی پاداشتی تاوانباران و سزای قوربانیان و خانەوادەی قوربانیان لە شنگال و سپایکەر و شوێنەکانی دیکەش دەکات.
دەڵێت: وەک ئەندامێکی پەرلەمان پرسیار لە وەزیری کۆچ و کۆچبەران و حکوومەت دەکەم، گواستنەوەی خانەوادەی داعشەکان ڕێکارێکی ئاساییە یاخود فشارێکی نێودەوڵەتییە.