ئەمەریکا لە ئەندامییەتی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەکشێتەوە

پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ دووشەمە، 3ـی شوباتی 2025، گرژیی لەسەر کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دروست بێت، لە کاتێکدا ڕێکخراوەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە کشانەوەی چاوەڕوانکراوی ئەمەریکا لە ئەندامێتی دەبێتەوە.
لەو کاتەوەی دۆناڵد ترەمپ، گەڕاوەتەوە بۆ پۆستەکەی، فەرمانی دا بە کشانەوە لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، بەوەش گرفت لە بارەگای ئەو ڕێکخراوە لە جنێڤ دروست بووە.
ئەمەریکا گەورەترین بەشداربووە لە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیدا. لە ساڵی 2024دا پشکی لە بودجەدا 18% بووە. ئێستا هەلی کار و بەرنامە تەندروستییەکان دەبڕێت بۆ دابینکردنی ئەو بۆشاییە داراییەی کە لە ئەنجامی ئەو بڕیارەی ئەمەریکا دروست دەبێت.
بڕیارە لە 22ـی کانوونی دووەمی 2026دا، کشانەوەی ئەمەریکا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام ئیدارەی نوێی واشنتن ئاراستەی بەرپرسانی وڵاتەکەی کردووە، دەستبەجێ هاوکارییەکانی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕابگرن. لای خۆیەوە ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هیوادارە وڵاتانی دیکە بیر لە زیادکردنی بەشدارییەکانیان بکەنەوە.
بەشداریی ناچاری هەر 194 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، پەیوەستە بە هێزی ئابووریی وڵاتەکەوە. کاتێک ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا پارەی بۆ هاوکاریی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ڕاگرت، ئەڵمانیا هاتە ناوەوە تاکو ببێتە گەورەترین بەشداربوو لە ماوەی بودجەی ساڵی 2020-2021دا.