فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕاستی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک ئاشکرا دەکات

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر

فڕۆکەخانەی نیودەوڵەتی هەولێر لەبارەی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لەسەر گەشتیارێکی عێراقی کە هەڵگری پاسپۆرتی فینلەندایە ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: ئەوەی هاووڵاتییە عێراقییەکە بڵاوی کردووەتەوە، دوورە لە ڕاستی.

دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ڕوونکردنەوەی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: دوابەدوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە تیایدا گەشتیارێکی عێراقی هەڵگری پاسەپۆرتی فیلەندییە بەناوی (عەلی عەبدولڕیاز)، سکاڵای هەیە لەسەر هەڵسو کەوتی کارمەندی نشینگە و پاسەپۆرتی فڕۆکەخانە، گوایە بەشێوازێکی ناشرین هەڵسوکەوتی لەگەڵ کراوە، بەگوتەی خۆی بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕاگیراوە.

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر دەڵێت: بەڕای گشتی ڕادەگەیەنین، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە دەرکەوت کە ئەم گەشتیارە گوتەکانی بێ بنەمان و دوورن لە ڕاستی، ئەمەی خوارەوە ڕاستی بابەتەکەیە.

ئەم گەشتیارە لەڕێکەوتی 31-٠1-2025 لە کاتژمێر 01:30ی شەو دەگاتە بەردەم کارمەندی نشینگە و پاسەپۆرت، دوای ئەوەی گەشتیارەکە پاسپۆرتی خۆی کە پاسپۆرتی فیلەندییە پێشکەشی کارمەندی پاسپۆرت دەکات، کارمەندەکە ئەرکی خۆی جێبەجێ دەکات، دەردەکەوێت کەوا مۆری دەروازەیەکی وشکانی نێوان پارێزگای بەسرا و وڵاتی کوەیت ناڕوونە، بۆیە دەبێتە جێگای گومان، دوای (7) خولەک وردبینی، بەناچاری ڕەوانەی ژووری ئەفسەری ئێشکگری دەکات هەروەکو لە کامێرای چاودێری وردەکاری پڕۆسەکە دیارە.

فڕۆکەخانە دەڵێت: لەکاتژمێر 01:37 ناوبراو دەگاتە ژووری ئەفسەری ئێشکگری، بە مەبەستی بەدواداچوون و چارەسەری کێشەکە، بۆ ماوەی (13) خولەک لەژووری ئەفسەرەکە دەمێنێتەوە.

لەکاتژمێر 01:50 ڕێگای پێده‌درێت گەشت بکات، لەکاتژمێر 01:58 ناوبراو بەشێوەیەکی ئاسایی و به‌ ‌ڕێزه‌وه‌ گەشتەکەی ئەنجام دەدات، ئەمە ڕاستی و دروستی بابەتەکەیە هەر وەک ئەوەی لە تۆماری کامێرای چاودێری دەرکەوتووە.

دەڵێن: ئێمە لە فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر ئەم چەواشەکارییانە ڕەتدەکەینەوە کە مەبەست لێی لەکەدارکردن و ناوزڕاندنی فڕۆکەخانەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment