ماکرۆن بۆ ترەمپ: زیان بە ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا مەگەیەنە

ماکرۆن داوا لە ترەمپ دەکات زیان بە ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا نەگەیەنێت.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا نابێت زیان بە ئابووریی یەکێتیی ئەورووپا بگەیەنێت بە هەڕەشەی سەپاندنی باج، چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی واشنتن نییە.

ماکرۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی سی ئێن ئێن گوتی: ئەورووپا هاوپەیمانی ئێوەیە، ئەگەر دەتەوێت ئەورووپا زیاتر وەبەرهێنان لە بواری ئاسایش و بەرگریدا بکات، ئەگەر دەتەوێت گەشەپێدان، کە پێموایە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادایە، نابێت زیان بە ئابووریی ئەورووپا بگەیەنیت بە هەڕەشەکردن لە باجی توند.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر یەکێتیی ئەورووپا، دەبێتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئەمەریکا.

هەروەها ئەو پێی وایە کێشەی سەرەکی بۆ واشنتن یەکێتی ئەورووپا نییە، بەڵکو چینە.

ترەمپ هەینی ڕابردوو ڕایگەیاند، بەنیازە سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر زۆرێک لە وڵاتان ڕابگەیەنێت، ئەمەش لە پەرەسەندنێکی گەورەی شەڕی بازرگانیدا.

4ـی شوباتی 2025، ئورسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ڕایگەیاند، ئەگەر ئەمەریکا باج بەسەر کاڵاکانی یەکێتیی ئەورووپا  بسەپێنێت، ئەوا بە توندی وەڵامی واشنتن دەدرێتەوە.

ڤۆن دێر لاین، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆتایی لووتکەی نافەرمیی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل گوتی: ئەگەر بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە باج بەسەر ئێمەدا بسەپێندرێت، یەکێتیی ئەورووپا بە توندی وەڵامی دەداتەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment