جووتیارانی گوندی شەناغە: دوای هەفتەیەک دەست بە کارکردن لەسەر زەوییەکانمان دەکەینەوە

جووتیارانی گوندی شەناغە ڕایانگەیاند: تەنیا یەک هەفتە مۆڵەت بە بەرپرسانی حکوومەتی عێراق دەدەن بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارە بکرێن، وەک خۆیان ئاماژەی پی دەکەن، ئەگەر کێشەکانیان چارە نەکرێن ئەوا دەست بە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەنەوە.

سێشەممە 18ـی شوباتی 2025، جووتیارانی گوندی شەناغە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی پەیامی خۆیان ئاراستەی بەرپرسانی حکوومەتی عێراق کرد و گوتیان: مۆڵەتی 48 کاتژمێر زۆر کەمە بەو کاتە کەمە کێشەکانمان چارە ناکرێن، بۆیە مۆڵەتی یەک هەفتەیان پێ دەدەین بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارە بکەن.

ئاماژەیان بەوە دا، تا سێشەممە داهاتوو ئەگەر کێشەکانیان چارە نەکرێن، ئەوە دەست بە کارکردن لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان دەکەنەوە و گوێ بە کەس نادەن.

دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا ڕێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش ڕووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێلانی زەوییەکانیان کرد.

سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە ڕێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن، بەڵام جووتیارانی کوردیش ڕژدبوون لەسەر ئەوەی کە دەبێت زەوییەکانیان بکێڵن و خاکەکەیان بەجێ نەهێڵن. 

 
 
Fly Erbil Advertisment