به‌غدا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه به بۆنه‌ی ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی تەرمی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ده‌كاته پشوو

پارێزگاری به‌غدا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتووی له دیوانی پارێزگا و سه‌رجه‌م فه‌رمانگه‌كانی پارێزگاكه‌ی كرده پشوو؛ پشووه‌كه هاوكاته له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان.
پێنجشه‌ممه، 20ـی شوباتی 2025، عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌له‌وی، پارێزگاری به‌غدا ڕۆژی یه‌كشه‌ممه، 23ـی شوباتی 2025ـی كرده پشووی فه‌رمی و ڕایگه‌یاندووه، پشووه‌كه بۆ ڕێزگرتنه له به‌ڕێوه‌چوونی ڕێوڕه‌سمی به‌خاكسپاردنی ته‌رمی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، ئه‌مینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان.
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌له‌وی له ڕاگهیهنراوكدا ده‌ڵێت، ئه‌م بۆنه‌یه گه‌وره‌یه و پێشویستی به به‌شداری و هاوسۆزی جه‌ماوه‌ریی هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ده‌بێت هه‌موو ئاسانكارییه‌ك بۆ جووڵه‌ی هاووڵاتییان به‌تایبه‌تی گواستنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت به‌شداریی له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا بكه‌ن، بكرێت.
هەینی، 27ـی ئه‌یلوولی 2024، هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەویەکی حزبوڵڵای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵڵا، بۆمباران کرد.
شەممە، 28ـی ئه‌یلوولی 2024، سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیەندراوێکدا کوژرانی نەسروڵڵا و چەندین فەرماندەی باڵای سەربازیی ئەو حزبەی لە هێرشە ئاسمانییەکانی هەینیدا، بۆ سەر باشووری بەیرووت، ڕاگەیاند.
هێرتز هالیفی، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل لەبارەی کوژرانی نەسروڵڵا ڕایگەیاند "پەیامەکەمان ڕوونە، دەگەینە هەموو ئەو کەسانەی هەڕەشە لە هاووڵاتییانی ئیسرائیل دەکەن".