ئەمڕۆ شاندی باڵای پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، بڕیار وایە کاتژمێر 11:00 کۆبوونەوەی شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووە کە لە سلێمانی بەڕێوە چوو، ئامانج لەکۆبوونەوەکەش درێژەدانە بەو وردەکارییانەی کە لە ڕەشنووسەکەدا هەیە، کە شاندی تەکنیکیی پارتی و یەکێتی لەدوای پێنج کۆبوونەوە ئەو ڕەشنووسەیان ئامادەیان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕەشنووسەکە نۆ تەوەری جیاوازی لە خۆگرتووە، ئەوانیش بریتین لە 'دارایی، وزە، پێشمەرگە، پەیوەندییەکان، پەرلەمان و حکوومەت و کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و دەسەڵاتەکان'، هەروەها ڕەشنووسەکە لە 15 لاپەڕە پێکهاتووە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆبوونەوەی شەممەی ڕابردووی نێوان پارتی و یەکێتی، لەسەر بەشێک لەخاڵە ناکۆکان لێکگەیشتنیان هەبووە، بۆیە ئەو خاڵانەی لەسەر کۆکن زیاترە لەو خاڵانەی لەسەری ناکۆکن، بۆیە هەردوولا دەیانەوێت ئەو خاڵە ناکۆکانەش تێپەڕێنن، بەڵام تاوەکوو ئێستاش باسیان لەدابەشکردنی پۆستەکان نەکردووە.
ڕۆژی شەممە، 22ـی شوباتی 2025، لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەردوولا، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: "لەم کۆبوونەوەدا گفتوگۆ لەبارەی ژمارەیەک بابەتی گرنگ دەکرێت. هاوکات ئەو ڕەشنووسەش تاوتوێ دەکرێت کە لیژنە تەکنیکییە هاوبەشەکەی هەردوولا لەسەری ڕێککەوتوون، تاوەکوو پەسەند بکرێت."
پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت چەند دەخایەنێت؟ گوتەبێژی پارتی لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا گوتی: "ئێمە چاوەڕێ دەکەین کە بەم نزیکانە بێت."