جهنگیز چاندار: پەکەکە ناچارە پابەندی داواکەی ئۆجەلان بێت
پەرلەمانتارێکی تورکیا دەڵێت: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەی ئاشتیی تورکیا زۆر گرنگە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا نەبووایە، هەرگیز زەمینەیەکی لەو شێوەیە نەدەڕەخسا و پەیامێکی لەو شێوە بڵاونەدەبوویەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، جهنگیز چاندار، پەلەمانتاری تورکیا، لە حزبی دەم پارتی، لە میانەی بەشداریی لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا گوتی: ئۆجەلان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی داوە و پەکەکە ناچارە پابەند بێت.
گوتیشی: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی و هەرێمی کوردستان لەم پرۆسەی ئاشتیی تورکیا زۆر گرنگە، ئەگەر هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا نەبووایە، هەرگیز زەمینەیەکی لەو شێوەیە نەدەڕەخسا و پەیامێکی لەو شێوە بڵاونەدەبوویەوە.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕاڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.