ڕێباز حەملان بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ تەیف سامی بایکۆتی دەوامی کردووە

کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان ڕێباز حەملان و تەیف سامی لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بووە هۆی ئەوەی بریکاری وەزارەتی دارایی بایکۆتی دەوام بکات.

سێشەممە 4ـی ئاداری 2025، سەرچاوەیەک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، رێباز حەملان داوای کردووە دۆسییەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕادەست بکرێت و خۆی کێشەکانی مووچە چارە بکات، لە بەرانبەردا تەیف سامی ڕازی نەبووە ئەو کارە بکات، بۆیە لەسەر ئەو بابەتە و مووچەی مانگی 12ـی ساڵی پاریش بووەتە ناکۆکییان، بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق بایکۆتی دەوامی کردووە. 

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوە کردووە، تەنانەت کێشەکانی نێوان بریکاری وەزارتی دارایی و وەزیری دارایی عێراق، گەیشتووەتە ئاستێک کە ڕۆژێک لەنێو وەزارەتەکە و لەبەر چاوی بەڕێوەبەرە گشتییەکان دەمەقاڵێ لەنێوانیان دروست بووە.

سەرچاوەکە گوتیشی: کێشەکانی نێوانیان بە شێوەیەک گەورە بووە، گەیشتووەتە ئەو قۆناغەی کە ڕێباز حەملان بۆ مەبەستی چارەکردنی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی کۆبێتەوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە و کێشەکان گەورەتربوونە، هەر ئەمەش وای کردووە ڕێباز حەملان دەست لەکار کێشانەوە پێشکەش بکات و ئێستا چاوەڕێی وەڵامە.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment