وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئیسرائیل هەوڵی دابەشکردنی سووریا دەدات

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەک بڵاوی کردووەتەوە، ئیسرائیل هەوڵ دەدات زلهێزەکانی جیهان ڕازیی بکات حکوومەتی سووریا بگۆڕن بۆ سیستەمێکی فیدراڵی.

ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، تەلئەڤیڤ هەوڵ دەدات حکوومەتی دیمەشق لاواز بکات، ئەمەش هەنگاوێکە کە ڕەنگە ئەنجامێکی نەرێیی لێ بکەوێتەوە.

لەم چوارچێوەیەدا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، پابەندبوونی حکوومەتەکەی بە پاراستنی پێکهاتەی دروزەکان لە سووریا دەربڕی و جەختی لەوە کردەوە، ئیسرائیل ڕێگە نادات حکوومەتی سووریا زیان بە دروزەکان بگەیەنێت .

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە "ئیسرائیل بودجەیەکی زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتیی دروزەکان تەرخان کردووە، بە ئامانجی بەهێزکردنی پێگەی سیاسی خۆیان بەرامبەر بە حکوومەتی نوێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە دروزەکان لە ئیسرائیل ڕووبەڕووی ئاستەنگەکانی پەیوەست بە جیاکاری و نیشتەجێبوون بوونەتەوە، ئەمەش وای کردووە، حکوومەت ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ باشترکردنی دۆخی ئەو پێکهاتەیە."

لە لایەکی دیکەوە خۆپیشاندان لە ناوچەکانی دروزەکان لە سووریا دژی پلانەکانی ئیسرائیل کرا و ئیدانەیان کرد، هەروەها سەرکردەکانی ئەو پێکهاتەیە پابەندبوونیان بە یەکگرتوویی وڵات دووپات کردەوە و دابەشبوونی خاکی سووریایان ڕەت کردەوە.

لەم چوارچێوەیەدا لەیس ئەلبەعلوس، سەرۆکی کۆمەڵەیەکی دروزەکان لەپارێزگای سوەیدا گوتی “هەڵوێستی ئێمە ڕوونە، ئێمە شەڕمان ناوێت، ناشمانەوێت سووریا ببێتە دەوڵەتێکی مەزهەبی."

لای خۆیەوە سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع، لە میانی وتارەکەیدا لە لووتکەی عەرەبی لە قاهیرە هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیلی ئیدانە کرد و ڕایگەیاند "لەو کاتەوەی ئیسرائیل لە ساڵی 1967 جۆلانی سووریای داگیر کردووە، وازی لە پێشێلکردنی مافی گەلەکەمان نەهێناوە."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment