وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا: هەموو دەرگاکانمان بەڕووی ئیسرائیلدا کراوە دەبن

سکۆت بێزانت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ بێتزالیل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل، لە واشنتن، پابەندبوونی ئەمەریکای بە ئاسایشی ئابووریی ئیسرائیل، ڕاگەیاند.

سمۆتریچ، لە ماوەی چوار ساڵدا یەکەم سەردانی فەرمیی خۆی بۆ ئەمەریکا کرد، چونکە لە سەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ڕێگەی پێ نەدرا کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا بکات.

سمۆتریچ، مانگی ڕابردوو لەلایەن بێزانتەوە بانگهێشتی ئەمەریکا کرابوو، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکاش ڕوونی کردەوە، هەروەک چۆن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە گرنگی زانی لە سەرەتای خولی سەرۆکایەتیەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران کۆ ببێتەوە، بۆ منیش بە هەمان شێوە گرنگ بوو لەگەڵ سمۆتریچ کۆ ببمەوە.

بێزانت، جەختی کردەوە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی ترەمپ بە ئاسایشی ئیسرائیل، ئەمەریکا بە هەمان شێوە پابەندە بە دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئابووریی ئیسرائیل.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی، ناوبراو بە سمۆتریچی گوتووە "هەموو دەرگاکانمان بەڕووی ئێوەدا کراوە دەبن."

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە ئابووریی ئیسرائیل بەهۆی ئەو شەڕەی کە زیاتر لە 15 مانگە لە چەندان بەرەدا بەردەوامە، زیانی ئابووریی گەورەی بەرکەوتووە.

لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەکەیان، هەردوو وەزیر پابەندبوونی بەهێز و بەردەوامی خۆیان بە هاوبەشی ئابووریی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل دووپات کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە "ئەمە کاتێکی گرنگە بۆ داڕشتنی ئایندەیەکی نوێی ئابووریی بۆ هەردوو وڵات، هەروەها بۆ پێشخستنی سەرکردایەتیی جیهانی ئەمەریکا و ڕۆڵی ئیسرائیل وەک هاوبەشێکی ئابووریی."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment