سووریا داوای ئەسەد دەکاتەوە و ڕووسیا داواکە ڕەت دەکاتەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسانەوە بڵاویکردەوەتەوە، پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ سەرکردایەتی نوێی سوریا دوای یەکەم پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا ئەحمەد ئەلشەرع و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن چوونەتە پێش.

هەمان سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن، دانووستانەکان لەسەر دوو بنکەی ڕووسیا لە سوریا دەستیان پێکردووە و فراوانیش بوون، جگەلە پرسی دوو بنکە سەربازییەکەی ڕووسیا لە سووریا، پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەردوو وڵات گفتوگۆ دەکرێت، لەوانەش پرسی وەبەرهێنان لە کەرتی غازدا بە چەندان ملیار دۆلار.

بەگوێرەی زانیاری ئەو کەسانەی نزیکن لە دانووستانەکان، ڕووسیا هەوڵی ڕێککەوتن لە گەڵ ئیدارەی نوێی سووریا لەسەر داهاتووی بنکەی ئاسمانی حەمیمیمی ڕوسیا و بنکەی دەریایی تەرتوس دەدات، بەڵام دانووستانەکان تەنها لەسەر ئەو پرسە ناوەستن، بەڵکو  پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوانیان بەشێوەیەکی فراوانتر  گەنگەشە دەکەن.

لایەنێکی دیکە دانووستانەکان پەیوەست بوو بە بەردەوامبوونی کار لە دروستکردنی بەندەری تەرتووس کە ماوەیەکە ڕاگیراوە، هەروەها پەرەپێدانی گازی سروشتی دەریا و کێڵگەکانی فۆسفات و هایدرۆکاربۆن لە ناوچەی تەدمور، سەرباری دروستکردنی کارگەیەکی پەینی کیمیایی لە حومس.

سەرچاوەکان ئەوەشیان خستووەتە ڕوو کە، دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و سووریا ئەگەری ئەوەی تێدایە، مۆسکۆ داوای لێبووردن لە سووریا بکات بەرامبەر ئەو ڕۆڵەی لە بۆردومانکردنی هاووڵاتیانی مەدەنی سووریادا گێڕاویەتی.

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکەوە گواستوویەتییەوە، لە دانووستانەکاندا دیمەشق داوای ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی لادراوی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام ڕووسەکان ڕەتیان کردەوەتەوە باسی ئەو بابەتە لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا بکەن.

 
Fly Erbil Advertisment