ئانۆ جەوهەر: من پێتان دەڵێم کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران چۆنن

راپۆرتێک لەبارەی کارەکانی وەزارەتەکەی لەماوەی یەک ساڵ دەخاتەڕوو


K24 - هەولێر

وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کوردستان24 چۆنییەتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاشکرا دەکات و، باسی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەشی دەکات لەماوەی ئەو ساڵەدا.

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن دەڵێ "سەرۆکی حکومەت سەرکردەیەکی بەئیرادەیە و لەو هەموو ئەو قەیرانانەی رۆیشتن ئیرادەی بەهێز بوو، بەجۆرێک وەزیرەکانیش هێز لەو ئیرادەیە وەردەگرن. لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیراندا نموونەیەکی جوان هەیە: من شاهیدم زۆرجار هەندێک وەزیر لە کۆبوونەوەدا بەبێ رەچاوکردنی ئینتیمای حیزبی، لەگەڵ رایەکی دیکەن".

وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەشداری گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 بوو و، راپۆرتێکی خستەڕوو کە لە وەزارەتەکەیەوە ئامادەکراوە لەبارەی کار و چالاکییەکانی یەک ساڵی کارکردنی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن.

ئانۆ جەوهەر ئاماژە بەوە دەدات "کە دەستمان بە ئیش کرد، جەختمان لەسەر پەیڕەوکردنی میکانیزمی مێزی بەتاڵ کرد، واتا هەر کارمەندێک لە هەر ئاستێک بێت، هەوڵبدات پێش کۆتاییهاتنی دەوامی ئەو رۆژەی مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجی بکات و، نابێت مامەڵەی هاووڵاتییان رابووەستێنێت".

یەکێک لەو گلەییانەی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەکرێت پەیوەستە بە نرخی کارتی مۆبایل، ئانۆ جەوهەر لەوبارەیەوە دەڵێ "بۆ نموونە کارتی 10 هەزاری بە 12 هەزار و 500 دینارە، ئەم باجە لە ساڵی 2015 بەپێی یاسای بودجەی عێراق دانراوە، هیچ پەیوەندییەکی بە حکومەت و پەرلەمانی کوردستانەوە نییە، ئەم باجە فیدراڵییە و لە بەغداوە خراوەتە سەر کۆمپانیاکانی پەیوەندی، هەموو پارەکەش دەچێتە بەغدا و ئێمە بە نووسراوێکی فەرمی داوامان لە بەغدا کردووە ئەو باجە هەڵبگیرێت".

Fly Erbil Advertisment