کۆبوونەوەی وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەکان و ئەپیکور کۆتایی هات

پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان بەبێ ئەنجام کۆتایی هات.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: پێش کەمێک کۆبوونەوە سێ قۆڵییەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نەوتییەکانی کوردستان "ئەپیکور"، کۆتایی هات.
پەیامنێری کوردستان24، دەڵێت: ئەو کێشانەی لەنێوان وەزارەتی نەوت و ئەپیکور هەبوون وەک خۆی ماوەتەوە و چارە نەکراوە، بە تایبەتی ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق داواکارییەکەی دیکەی لە کۆمپانیا نەوتییەکان کردووە، کە دەیانەوێت بەشێک لە نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی دەرەوە بکەن.
باسی لەوەش کرد، وەزارەتی نەوتی فیدراڵ لەبارەی هەناردەی نەوتی بەسرە لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە دوو هۆکارییان خستووەتەڕوو، یەکەمیان؛ بەهۆی مەترسی هێرشی سەربازیی بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکان ئەو پارێزگایە. دووەمیان؛ ئەو 300 هەزار بەرمیلەی کە ڕێککەوتنی لەسەر کراوە هەناردە بکرێت، تەنیا 185 هەزاری هەناردە دەکرێت و 115 هەزاریشی هەرێم بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاری دەهێنێت، وەزارەتی نەوت داوای کردووە ئەو بڕەی کە هەرێم بۆ پێویستی ناوخۆ بەکاری دەهێنێت، نەوتی بەسرە بە هەمان بڕ لە رێگەی بۆریەکەوە هەناردە بکرێت.
دیلان بارزان، گوتی: کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم بە داواکارییەکەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕازی نەبوونە، هەروەها وەزارەتی نەوتی فیدراڵ داواکارییەکی دیکەشی لە ئەپیکور هەبووە، ئەویش؛ داوایانی لێ کردووە لە بری پارە بۆ پێدانی تێچووی دەرهێنانی نەوت، بەشدارییان پێ بکەن لە گرێبەستەکان یان بڕێک نەوتیان لە بەرانبەر ئەو کارە پێ بدەن، بەڵام کۆمپانیاکان ئەو داواکاریەشیان بە هەمان شێوە ڕەت کردووەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردستان24، چاوەڕوان دەکرێت لە گەڕێکی دیکەی کۆبوونەوەی نێوانیان کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت، دەسەڵاتەکانی ئەو کۆمپانیا نێودەوڵەتییە راوێژکاریە دەستنیشان بکرێت کە نرخی کۆتایی دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت دیاریی دەکات.
وەزارەتی نەوتی عێراق 8 کۆمپانیای ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی دەستنیشان کردووە تاوەکوو یەکێک لەو کۆمپانیایانە لە ماوەی 60 ڕۆژدا پێداچوونەوە بە نرخی 16 دۆلار بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستاندا بکات، دواتر نرخی کۆتایی دیاریی بکات، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت ترسیان هەیە حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکان نەبێت، بۆیە داواین کردووە پێشوەختە پارەیان پێبدرێت و گرەنتی تەواویان بکرێت، بەڵام وەزارەتی نەوت سەرجەم پێشنیازەکانی کۆمپانیاکانی نەوتی ڕەت کردووەتەوە، کۆمپانیاکانیش دەڵێن: ئامادەنین بەو میکانیزمەی ئێستا دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەنەوە.