یەشار گولەر: خواستی گەلەکەمان کۆتاییهێنانە بە تیرۆر

وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند: پێویستە پەکەکە بەبێ مەرج چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. گوتیشی: ئامانجی ئێمەیە کۆتاییهێنانە بە تیرۆر.
هەینی 7ـی ئاداری 2025، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا، لەمیانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە کرد، ڕێکخراوی پەکەکە و گرووپەکانی سەر بەو ڕێکخراوە، دەبێت بەبێ مەرج چەکەکانیان ڕادەست بکەن و دەستبەجێ خۆیان هەڵبوەشێننەوە.
وەزیری بەرگریی تورکیا، دەڵێت: بە هیچ شێوەیەک بژاردەی ئاگربەست قبوڵ ناکەین ئەوە نابێت بخرێتە بەرنامەی کارەوە، هەروەها خواستی 85 ملیۆن هاووڵاتی گەلەکەمان کۆتاییهێنانە بە تیرۆر و ئەو ڕێکخراوانەی کە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر وەڵاتەکەمان.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمڕالی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتووە، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبووە، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.
هاوکات ئۆجەلان، لە پەیامەکەیدا ئەوەشی خستەڕوو، بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.