وەزارەتی بەرگریی سووریا: دۆخی وڵاتەکە بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵدایە

وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند: هێزەکانیان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ پاشماوەکانی ئەسەد و ئێستا دۆخی وڵاتەکە بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵدایە.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، حەسەن عەبدولغەنی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیاندراوێکدا، باسی لە دۆخی ئەمنیی وڵاتەکە کرد و گوتی: هێزەکانمان توانیویانە پێشکەوتنی خێرا لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو بەدەست بهێنن.
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سووریا، دەڵێت: دۆخی وڵاتەکە بە تەواویی لەژێر کۆنترۆڵدایە. هاوکات داوا لەو کەسانەش دەکات کە هاتوونەتە کەناراوەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و وەک ئاماژەی پێ دەکات، دۆخی وڵات ئارامە.
جەختی لەوەش کردەوە، هێزەکانیان، ناوچەکان و پاشماوەکانی ڕژێمی ئەسەدیان گەمارۆ داوە. گوتیشی: "ئەوانەی بەدیل گیراون ڕادەستی لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان دەکرێن."
لای خۆیەوە ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان عەلەوییەکان و سەربازانی سوپای حکوومەتی نوێی سوورا، 600 کەس کوژراون.
پێنجشەممە 6ـی ئاداری 2025، لە لازقییە شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی نوێ سووریا و لایەنگرانی ڕژێمی پێشووی ئەسەد ڕووی دا.
ڕووداوەکە لە ڕێگەی چەند شایهتحاڵێک و گرتەڤیدیۆیهكهوه پشتڕاست کراوهتەوە، کە تەرمی دەیان کەس لەسەر شەقام و شۆستەکان بینراوە.