فەرەنسا كوژرانی عەلەوییەکانی سووریا سهركۆنه دەکات

وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا سەرکۆنەی كوشتنی عهلهوییهكانی سووریا دەکات و داوا دەکات هیچ کەسێك نابێت لەسەر بیروباوەڕ بکوژرێت.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا کوشتنی هاووڵاتیانی عەلەوی له سووریا سهركۆنه كرد و ڕایگەیاندووە، نابێت بەهۆی بیروڕای ئایینی و سیاسییهوه هیچ کەسێك بکوژرێت.
هەروەها داوای لە دەسەڵاتدارانی نوێی سووریا کرد، بەبێ لایەنگیری لێکۆڵینەوەکان دەست پێ بکەن و ئەوانەی بەرپرسن بە سزای خۆیان بگەن.
پێنجشهممه، 6ـی ئاداری 2025، شهڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و پاشماوهكانی ڕژێمی پێشووی بهشار ئهسهد لە پارێزگای لازقیە كه زۆرینهی دانیشتووانهكهی عهلهوین ڕووی دا و دواتر پێكدادانهكان جهبله و بانیاس و ناوچەکانی دیکەی دەوروبەری ناوچە عەلەوییەکانی گرتهوه و ژمارهیهكی زۆریان بوونه قوربانی.
شەممە 8ـی ئاداری 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەبارەی نوێترین ئاماری کوژراوانی شەڕی نێوان عەلەوییەکان و سوپای حکوومەتی نوێی سووریا، وەڵامی کوردستان24ـی دایەوه و بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەكە، لە دوو ڕۆژی شەڕ و پێکدادانەکاندا ژمارەی كوژراوان بۆ 600 کەس بەرز بووەتە.