ترەمپ: هیچ لە مانۆرەکانی ئێران و ڕووسیا و چین نیگەران نیم

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک نیگەران نییە لە مانۆرە سەربازییە پلان بۆ داڕێژراوە هاوبەشەکەی ڕووسیا و چین و ئێران.

مۆسکۆ و ئاژانسی هەواڵی ئێران ڕایانگەیاند، هێزەکانی دەریایی ئێران، ڕووسیا و چین لە کەناراوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران، بە مەبەستی "بەهێزکردنی ئاسایشی ناوچەکە" مانۆری سەربازی دەکەن.

ئەم وڵاتانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا مانۆری هاوبەشیان لە ناوچەکەدا کردووە، لەسەر بنەمای خواستی هاوبەشیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوەی کە بە "هەژموونی ئەمەریکایی" وەسفی دەکەن.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، ڕێوڕەسمی دەستپێکردنی مانۆرەکە بە ناوی " پشتێنەی ئاسایشی دەریایی 2025" لە بەندەری چابەهار کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و دەڕوانێتە دەریای عومان دەکرێت.

 ئاماژەی بەوەش کردووە، مانۆرەکە چەند ڕۆژێکیش دەخایەنێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا بڵاوی کردەوە کە مانۆرەکە لە ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـیئاداری 2025، دەست پێدەکات، بەڵام ئاژانسی هەواڵی تەسنیم بڵاوی کردەوە کە لە ڕۆژی سێشەممە دەست پێ دەکات.

تەسنیم ئاماژەی بەوە دا "کەشتییە شەڕکەرەکان و پشتیوانییەکانی هێزی دەریایی چین و ڕووسیا، کەشتییەکانی سوپای ئێران و هێزی دەریایی سوپای پاسداران" بەشداریی لە مانۆرەکەدا دەکەن.

بەپێی ئاژانسەکە، مانۆرەکە لە ناوچەی باکووری ئۆقیانووسی هیندی بەڕێوە دەچن و ئامانجیان بەرزکردنەوەی ئاسایش لە ناوچەکە و فراوانکردنی هاوکارییە فرەلایەنەکانی نێوان وڵاتانی بەشداربووە.

لە لایەکی دیکەوە ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە پێشبینی دەکات دانوستانەکانی ئەمەریکا لەگەڵ بەرپرسانی ئۆکرانیا لە سعوودیە ئەنجامێکی باشی هەبێت سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment