بەهۆی مانگرتنی کارمەندان زیاتر لە سێ هەزار گەشتی ئاسمانیی ئەڵمانیا هەڵوەشایەوە

 دووشەممە، 10ـی ئاداری 2025، سەندیکای 'ڤێردی' لە 11 فڕۆکەخانەی گەورەی ئەڵمانیا لەسەر مووچە مانیان گرت، ئەمەش بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی 3400 گەشتی ئاسمانی و گەشتی 510 هەزار کەسیش پەک خرا.

کارمەندانی خزمەتگوزاریی گشتی و خزمەتگوزاریی زەمینی و ئاسایشی فڕۆکەوانی مانیان گرتووە، هاوکات سەندیکای فڕۆکەخانەکانی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، هیچ سەرنشینێک لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرتەوە ناتوانێت سواری فڕۆکە بێت، کە قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەی وڵاتەکەیە، ئەمەش لەکاتێکدایە پێشبینی دەکرێت کاریگەریی لەسەر گەشتە ترانزێتەکانیش دروست بکات.

سەندیکاکە، داوای زیادکردنی مووچەی 8%ـی کارمەندەکان دەکات، کە لانیکەم دەکاتە 350 یۆرۆ لە مانگێکدا، هەروەها 3 ڕۆژییش مۆڵەتی زیادە بۆ 2 ملیۆن و 500 هەزار کرێکار، کە تائێستا خاوەنکارەکان هیچ ئۆفەرێکیان پێشکەش کارمەندەکان نەکردووە.

یواخیم لانگ، سەرۆکی کۆمەڵەی گواستنەوەی ئاسمانی ئەڵمانیا، مانگرتنەکانی بە نەگونجاو وەسف کرد، داوای یاسای نوێی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی مانگرتنەکان.

سەندیکای ڤێردی، لە پێنج سەندیکای کرێکارانی ئەڵمانیا پێک هاتووە، هەروەها ئەندامی یەکێتیی ئەڵمانیایە بۆ سەندیکای کرێکاران 'DGB'، کە نزیکەی 1.9 ملیۆن ئەندامی هەیە، بە دووەم گەورەترین سەندیکای ئەڵمانیا دادەنرێت.

 

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment