ئەحمەد شەرع داوا لە پوتین دەکات ئەسەد ڕادەست بکەنەوە تاوەکوو دادگایی بکرێت

بەگوێرەی میدیا جیهانییەکان، ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، داوای لە هاوتا ڕووسەکەی، ڤلادیمێر پوتین کردووە، بەشار ئەسەد ڕادەست بکەنەوە تاوەکوو بەفەرمی دادگایی بکەن.
دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆکی ڕژێمی پیشووی سووریا، مەرجێکی بنەڕەتیی حکوومەتی کاتیی سووریایە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانان لەگەڵ ڕووسیا، سەرەڕای ئەو پەیامە ئەرێییانەی بەرپرسانی ئیدارەی نوێ سەبارەت بەم بابەتە بڵاویان کردۆتەوە.
هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ڕەتی ناکەنەوە کە دۆسیەی ڕادەستکردنەوەی "ئەسەد" بەشێکە لە ڕێککەوتنی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی نێوان دیمەشق و ڕووسیا، هەروەها ڕەنگە پێدانی قەرەبووی گەلی سووریاش لە ڕێککەوتنەکەدا هەبێت، ئەمەش دەتوانێت داهاتووی ڕووسیا لە سووریا دیاری بکات.
ئەحمەد شەرع، لەیەکەم پەیوەندی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتیندا، پەیوەندی ستراتیجی نێوانیان دووپات کردەوە.