ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان: تا پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەون پەرلەمان کۆ نابێتەوە

ڕاوێژکارێکی پەرلەمانی کوردستان بە دووری دەزانێت، تا ئەو کاتەی پارتی و یەکێتی لەسەر پێکهێنانی حکوومەت ڕێک بکەون، پەرلەمان جارێکی دیکە کۆ ببێتەوە.
پێنجشەممە، 27-03-2025، لەوەند جەلال، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "هیچ وادەیەک دیاری نەکراوە بـــۆ ئەوەی دوای جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، پەرلەمانی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی کۆ ببێتەوە."
بە گوتەی ئەو ڕاوێژکارەی پەرلەمانی کوردستان "زۆر زەحمەتە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژادنی دەستەی سەرۆکایەتی بکرێت، تا ئەو کاتەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەت ڕێک نەکەون."
لەوەند جەلال، ئاماژەی بەوەش دا "لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی و یەکێتی کاندیدانی خۆیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان دیاری کردووە، بەڵام جارێ دیار نییە ڕێککەوتن لەسەر چ ناوێک کراوە."
ڕۆژی 02-12-2024، لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان کە بە سەرۆکایەتیی محەممەد سلێمان، پەرلەمانتاری بەتەمەن بەڕێوە چوو، کاندیدانی سەرکەوتووی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد.
لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمان، 15 پەرلەمانتار خۆیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی کاندید کرد:
- کاندیدان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان (ژمارەی کاندید: 5)
1. هەڵگورد نەجیب عوسمان (پارتی)
2. د. ڤالا فەرید ئیبراهیم (پارتی)
3. شاڵاو عەبدوڵڵا ڕەسووڵ (یەکێتی)
4. د.میران محەممەد (یەکێتی)
5. کوردەوان جەمال محەممەد (نەوەی نوێ)
- کاندیدان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان (ژمارەی کاندید: 4)
1. بەهجەت عەلی ئیبراهیم (پارتی)
2. مەرد عەلی ڕەسووڵ خاڵە (پارتی)
3. ئومێد عەلی حەمەساڵح (یەکێتی)
4. عەدنان حوسێن حەسەن (نەوەی نوێ)
- کاندیدان بۆ پۆستی سکرتێری پەرلەمان (ژمارەی کاندید: 6)
1. شلێر غەفوور ساڵح (یەکێتی)
2. شیرین یونس عەبدوڵڵا (یەکێتی)
3. سەوسەن کاکەمەم محەممەد (نەوەی نوێ)
4. ڕامی نووری (کۆتای کریستیان)
5. هاڤین سەعید خزر (پارتی)
6. نەجدەت نووری محەممەد (سەربەخۆ)
ژمارەی کورسیی لایەنەکان بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە 20-10-2024 بەڕێوە چوو:
1. پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
2. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
3. جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
4. یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
5. کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
6. ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
7. بەرەی گەل: 2 کورسی
8. هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
9. بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی