سعوودییە و ئیمارات و قەتەر و تورکیا و کوەیت: سبەینێ یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە

هەر یەکە لە وڵاتەکانی سعوودییە، ئیمارات، قەتەر، تورکیا و کویەت، سبەینێ یەکشەممە 30 ئاداریان وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریی کرد.

شەممە 29ـی ئاداری 2025، مێدیاکانی سعوودییە بڵاویان کردەوە، مانگی شەوال، لە هەردوو ناوچەی تەمیر و سەدیر بینراون و ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانە.

هەر بە پێی مێدیاکان، سبەینێ 30ـی ئادار، یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزە لە وڵاتەکەدا.

لەلایەکی دیکەوە، ئیمارات، قەتەر، کوەیت و  سەرۆکایەتیی کاروباری ئایینی لە تورکیا، سبەینێ یەکشەممە 30ـی ئاداریان وەک یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز دیاریی کرد.

لای خۆیەوە سەنتەری نێودەوڵەتیی فەلەکناسی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند، خۆر لە مالیزیا و برونای ئاوابووە، جەژنی ڕەمەزانیش ڕۆژی دووشەممە دەبێت، بەو پێیەی ئەمڕۆ 28ـەمین ڕۆژی ڕەمەزانە لەو وڵاتانە.

سەنتەرەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، سبەی یەکشەممە مانگ لەم دوو وڵاتە بە ڕوونی دەردەکەوێت و بە چاو دەبینرێت، هەروەها ئەندەنوسیا، بەنگلادیش، سڵتەنەی عومان، عێراق، سووریا و ئوردنیش ڕۆژی دووشەممەیان وەک یەکەم ڕۆژی جەژن دیاریی کرد.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment