ڕووباری دیجلە بەهۆی پیسبوونی مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران هاووڵاتیی عێراقی دروست کردووە

ئاوی ڕووباری دیجلە ڕەنگە شینەکەی لەدەست داوە و بۆ ڕەنگێکی دیکە گۆڕاوە، ئەمەش بەهۆی بوونی پاشماوەی پزیشکی لەناو ئەو ڕووبارە و پسپۆڕانی ژینگەش داوا دەکەن لایەنی پەیوەندیدار چارەسەری پیسبوونی بکات.
شەممە، 29ـی ئاداری 2025، عومەر عەبدوللـهتیف پسپۆڕی ژینگەی بە کوردستان24ـی گوت: پاشماوەی شارە پزیشکییەکان و وێستگەکانی کارەبا لە نزیک سەربازگەی ڕەشید بە دی دەکرێن، ئەمەش هۆکاری پیسبوونی ئاوی دیجلەیە، چونکە ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت لە داهاتوودا هەزاران کەس تووشی شێرپەنجە دەبن.
هاوكات سەباح عگێلی، چاودێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هیچ ڕێکارێکی ڕاستەقینە لەلایەن حکوومەتەوە نەگیراوەتەبەر لهبارهی پیسبوونی ئاوی دیجلە، ئەمەش بووهتە سەرچاوەی چەندین نەخۆشی، پێویستە بە زوویی ڕێگری لە زیاتر پیسبوونی بکرێت.
پێشووتریش وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداریی لە پیسبوونی ڕووباری دیجلەدا بوو، کە هەزاران هاووڵاتیی بە هۆیەوە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە دەبن.