ئەنجوومەنی باڵای فەتوای کوردستان لە بارەی جەژنەوە ڕوونکردنەوە دەدات

ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: پێویست ناکات هاووڵاتییان خۆیان دوو دڵ بکەن و سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی رەمەزانە و مانگی شەوال بینراوە.
شەممە، 29ـی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە کوردستان، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: ئاشکرایە کە دیاریکردنی بۆنە شەرعییەکان بەشێکە لە سیاسەتی شەرعی دەوڵەت بە ڕاوێژ لەگەڵ پسپۆڕاندا و کاری تاکەکەسی نییە و پێویست ناکات هاووڵاتییان خۆیان دوودڵ بکەن.
لای خۆیەوە عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، گوتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانە و پاڵپشت بە بۆچوونی گشتیی زانایان لەو بوارەدا بەپێی زانستی فەلەکناسی ئێستا مانگی شەوال پەیدابووە، بۆیە هیچ پێویست ناکات هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان دوو دڵ بن.
گوتەبێژی یەکێتیی زانایان باسی لەوەشکرد، هەندێک وڵاتی نزیک لە عێراق و هەرێمی کوردستان سبەینێیان وەک یەکەم ڕۆژی جەژن ڕاگەیاندووە، مانگی شەوال بینراوە و هەرێمی کوردستان شوێن ئەو وڵاتانە کەوتووە.
جەژنی ڕەمەزان، جەژنی موسڵمانانە و لە یەکەم ڕۆژی مانگی شەوال دەست پێدەکات، ئەمەش دوای تەواوبوونی ڕۆژەکانی مانگی ڕەمەزانە.
یەکێک لە جیاوازییەکانی نێوان جەژنی ڕەمەزان و قوربان، بریتیە لەوەی؛ کە دەبێت پێش نوێژی جەژنی ڕەمەزان موسڵمانان سەرفترە بدەن و بەسەر موسڵمانە ھەژارەکان دابەشی بکەن.
دوای نوێژی جەژن، موسڵمانان پیرۆزبایی لە ئەندامانی خیزانەکەیان دەکەن و دواتریش سەردانی ناسیاو و خزمە نزیکەکانیان دەکەن، ھەروەھا پێشوازیی لە دراوسێ و ئەو کەسانە دەکەن کە سەردانی دەکەن بۆ گەردنازایی و پیرۆزبایی.