ڕووسیا.. 80 هه‌زار موسڵمان به‌شدارییان له نوێژی جه‌ژن له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مۆسكۆ كرد

كارگێڕی ئایینیی موسڵمانانی ڕووسیا ئاماژه به‌وه ده‌كات، زیاتر له هه‌شتا هه‌زار موسڵمان به‌شدارییان له نوێژی جه‌ژنی ڕەمەزان له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مۆسكۆ كردووه.
یه‌كشه‌ممه، 30ـی ئاداری 2025، كارگێڕی ئایینیی موسڵمانانی ڕووسیا ڕایگه‌یاند، زیاتر له هه‌شتا هه‌زار موسڵمان ئاماده‌ی نوێژی جه‌ژن بوون له مزگه‌وتی گه‌وره‌ی مۆسكۆ و كۆمه‌ڵگه‌ی ئیسلامی كه ده‌كه‌وێته ده‌وروبه‌ری و كۆڵان و شه‌قامه‌كانی دیكه‌ی نزیك مزگه‌وته‌كه.
كارگێڕی ئایینیی موسڵمانانی ڕووسیا ڕوونی كردووه‌ته‌وه، مزگه‌وته‌كه ته‌نیا جێگه‌ی 10 هه‌زار نوێژخوێنی لێ ده‌بێته‌وه. گوتووشیه‌تی، خۆشبه‌ختانه له‌م قه‌ره‌باڵغییه‌دا هیچ سه‌رپێچییه‌كی سیسته‌م و ڕێنماییه گشتییه‌كانی وڵات نه‌كراوه.
كارگێڕی ئایینیی موسڵمانانی ڕووسیا هاوكات سوپاسی هاووڵاتییانی ڕووسیایی و ده‌زگه ئه‌منییه‌كان و خۆبه‌خشانی كردووه له پاراستنی ڕێوڕه‌سمی جه‌ژن له مزگه‌وته‌كه و دابینكردنی ژینگه‌یه‌كی گونجاو.