پارێزگاری هەولێر: ئەمساڵ گەشتیارێکی زۆر ڕوو لە کوردستان دەکەن

پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند "گرووپەکانی گەشتیاری دەتوانن هەرکاتێک بیانەوێت بێنە کوردستان، 24 کاتژمێر کارمەند هەیە ڕێنماییان بکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئاداری 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەک کراوە لەلایەن ئاسایشی گشتیی بازگەکان و بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری هەولێر، بۆ ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
پارێزگار دەڵێت: گەشتوگوزار هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ گەشتیاران هەم لە میوانخانەکان و هەمیش لە خواردنگەکانی ناو شار و ئاسانکاری کردن بۆیان.
دەشڵێت: لە هەموو پشووەکانی جەژن و سەری ساڵ و هەموو بۆنەکان، بەتایبەت لە وەرزی هاوین، هاووڵاتیانی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە خواروو ناوەراستی عێراق لە ڕۆژانی پێنجشەممە و هەینی سەردانی شوێنە گەشتییارییەکانی کوردستان دەکەن.
ئومێد خۆشناو ڕاشیگەیاند "هەولێر پێشەنگایەتی هەیە بە بەردەوامی ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕووی تێدەکات، لە دوێنێوە بڕیارێکی دیکەمان داوە کە پێشتر کارمەندەکان بەو جۆرە نەبوو کە بتوانێت لە 24 کاتژمێردا پێشوازی لە گرووپەکان بکات، تەنیا تا کاتژمێر 12 شەو بوو دوای ئەو کاتە گرووپەکانی گەشتیاری نەیان دەتوانی بێنە ناو هەرێمی کوردستان، ئێستا ستافیان بۆ دابین کراوە، لە دوێنێوە هەر گرووپێکی گەشتیاری لە هەرکاتێکدا دێتە هەرێمی کوردستان ڕێنماییان دەکرێت".