هەسەدە و دیمەشق لەبارەی گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب ڕێککەوتن

هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئیدارەی نوێی وڵاتەکە، لەبارەی گەڕەکە کوردنشینەکانی پارێزگای حەلەب، ڕێککەوتن، بە پێی ڕێککەوتنەکە گەرەنتی پاراستنی دامەزراوە مەدەنییەکانی هەردوو گەڕەکەکە و ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوان دەکرێت.

سێشەممە 1ـی نیسانی 2025، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئیدارەی نوێی وڵاتەکە، لەبارەی گەڕەکە کوردنشینەکانی ئەشڕەفییە و شیخ مەقسوود لە پارێزگای حەلەب ڕاگەیاند.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، بە پێی ڕێکەوتنەکە هێزە کوردییەکان لە هەردوو گەڕەکی ئەشڕەفییە و شیخ مەقسوود دەکشێنەوە.

هەروەها هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پاراستنی دامەزراوە مەدەنییەکان لە هەردوو گەڕەکەکەدا و ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوەکان.

هەر بە پێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی سووریا، هەسەدە و دیمەشق، لەسەر ئاسانکاری هاتووچۆ لەنێوان هەردوو گەڕەکە کوردنشینەکد و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە ڕێککەوتن.

ئەم هەنگاوەش دوای نزیکەی مانگێک دێت لە ئیمزاکردنی ڕێککەوتنێک لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی ڕاگوزەری وڵاتەکە بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لە سوپای نوێی سوریادا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment