وەزارەتی دەرەوەی سووریا: ئیسرائیل فڕۆکەخانەی حەمای وێران کرد

وەزارەتی دەرەوەی سووریا، درەنگانی شەوی چوارشەممە، لە بەیاننامەیەکدا ژمارەی کوژراوانی هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیلی ڕاگەیاند و گوتیشی: هێرشەکە، پێنج ناوچەی جیاوازی لە سەرانسەری ئەو وڵاتە بۆمباران کردووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە "لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریای عەرەبی، هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی 30 خولەکدا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێنج ناوچەی جیاواز لە سەرانسەری وڵات دەست پێکرد، لە ئەنجامدا فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما بە تەواوی وێران بوو و دەیان هاووڵاتی مەدەنی و سەربازیش برینداربوون."
وەزارەتەکە لە بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاند "ئەوە لە کاتێکدا سووریا لە دوای 14 ساڵ لە شەڕ بەدوای ئاوەدانکردنەوەدایە، ئەم هێرشە دووبارەبووانە لە چوارچێوەی هەوڵێکی ڕوونی ئیسرائیلدا دێت بۆ گەڕانەوەی توندوتیژی بۆ سووریا، تاوەکوو هەوڵەکانی بوژانەوەی وڵاتەکە تێک بدات.
سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی پتەویان هەبێت و فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانی ڕابگرێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونەکانی بەپێی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 بێت.
درەنگانی شەوی چوارشەممە، 2ـی نیسانی 2025، فڕۆکەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 15 جار هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی حەما کە پێشتر بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای سووریا بووە.
هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل زنجیرەیەک هەڵمەتیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی T4 لە نزیک لادێکانی ڕۆژهەڵاتی حومس دەست پێ کرد.