ڕێبەر ئەحمەد: هەوڵەکانمان بۆ چارەکردنی کێشە ئابوورییەکان بەردەوامن تاکوو هیوا بدەینە گەنجەکانمان

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن ڕایگەیاند، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ سەردەمێکی درێژ، لەژێر جەور و ستەمی ژیان، بوونە قوربانی شەڕ. ڕاگواستنی زۆرەملێ، بۆردوومانی کیمیایی، جینۆساید، تاریکترین بەشی مێژوو لە لایەن هاووڵاتیانی ئێمە بینراوە.

باسی لەوەش کرد، لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لە 2003، دەرفەتێکی نوێ هاتە پێش. دەرگای ئومێد و گەڕانەوە بۆ بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ئاوەڵا بوو. بینیمان کۆچی پێچەوانەی هاونیشتیمانیانی کوردستان دەستی پێ کرد.

ڕێبەر ئەحمەد، لەلووتکەی ئاسایشی سنوور ئاماژەی بەوەش دا، سەرهەڵدانی داعش لە 2014دا بەربەستی گەورەی بۆ دروست کردین، قۆناغی کۆچی پێچەوانە دەستی پێ کرد و گەڕانەوەی هاووڵاتیانمان بۆ نیشتیمان وەستاوە، بەڵام کوردستان بووە ناوچەی ئارامی و باوەشی بۆ ئەوانە کردەوە کە لە دەستی داعش ڕایان کرد بوو، بە تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکان کە ببوونە ئامانجی پرۆسەکانی جینۆساید لەسەر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش، ئەوان کوردستانیان وەکو پەناگە هەڵبژارد. بەهۆی ئەو ئارامییەوە تا ئێستا زۆرینەی ئاوارەکان لە کەمپەکان ماونەتەوە. 

باسی لەوەش کرد، ئەو هاونیشتیمانیانەی کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی سنووری ماددەی 140دەژین، بوونەتە قوربانی ناکۆکی و پێکدادانی ناوخۆیی، نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری گشتیی و بەردەوامیی هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییە جۆراجۆرەکان، نەبوونی دەرفەتی گونجاوی کار بۆ هاووڵاتیانمان لەو ناوچانە، ئارامی و خزمەتگوزاری گشتیی، پاڵنەری بەهێزی کۆچی نایاسایین. 

گوتیشی: هەوڵەکانمان بۆ مامەڵەکردن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە ئابوورییەکان بەردەوامن تاکوو هیوا بدەینە گەنجەکانمان تاکوو ڕێگری بکەین لەوەی لە لایەن تۆڕەکانی تاوانەوە یاری بە چارەنووسیان بکرێت، فرەسەرچاوە و هەمەچەشنکردنی ئابووریی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە  لەگەڵ نووسینگەکانی گەشتیاریی هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەی  ڕێگری بکرێت لە مامەڵە و چالاکی نایاسایی گەشتکردن. 

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، لە چوارچێوەی بەشداریی لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پانێڵی یەکەمی وەزیرانی 40 دەوڵەتی بەشدار، وتاری هەرێمی کوردستانی خوێندەوە.
  
دەقی وتاری ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە لووتکەی ئاسایشی سنوور لە لەندەن:

‎هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بۆ زەمەنێکی درێژ لەژێر جەور و ستەمی ژیان، بوونە قوربانی شەڕ، ڕاگواستنی زۆرەملێ، بۆردومانی کیمیایی، جینۆساید، تاریکترین بەشی مێژوو لە لایەن هاووڵاتیانی ئێمە بینراوە. بۆ چەندان دەیە، سیاسەتی بێدادی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەت لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا لەسەر میللەتی ئێمە تاقی کراوەتەوە. ئەم سیاسەتە خەڵکی ئێمەی ناچار بە ئاوارەبوون و پەنابەری و بێلانەیی کرد. لێرەوە ئەو دەرفەتە دەقۆزمەوە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانە بکەم کە دەرگایان بۆ میللەتی ئێمە کراوە بووە و باوەشیان بۆ کردوونەتەوە لەو کاتانەی ناچار بە کۆچ و پەنابەری هاتووین.

هەروەها هاووڵاتیانی کوردستان تاراوگەیان وەکو ناچاری هەڵبژاردووە و لە کاتی هەبوونی ئومێد و ئارامیدا، بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵاتی خۆیان گەڕاونەتەوە.

 لە دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری لە عێراق لە 2003، دەرفەتێکی نوێ هاتە پێش. دەرگای ئومێد و گەڕانەوە بۆ بەشداریی لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستان ئاوەڵا بوو. بینیمان کۆچی پێچەوانەی هاونیشتیمانیانی کوردستان دەستی پێ کرد بۆ گەڕانەوە لە تاراوگە و هێنانەوەی توانا و لێهاتوویی و سەرمایە و خەون و هیواکانیان بۆ بەشداریکردن لە بونیادنانی وڵاتێکی دیموکرات و ئارام و خۆشگوزەران بۆ خۆیان و نەوەکانیان.
 
بەداخەوە هیواکانی خەڵک بۆ پێشخستنی وڵاتەکەیان بە سەرهەڵدانی داعش لە 2014دا بەربەستی گەورەی بۆ دروست بوو. لەو کاتەوە قۆناغێکی دیکە دەستی پێ کرد و کۆچی پێچەوانە و گەڕانەوەی هاووڵاتیانمان بۆ نیشتیمان وەستاوە و کوردستان بووەوە ناوچەی ئارام و باوەشی بۆ ئەوانە کردەوە کە لە تۆقاندن و تیرۆری داعش ڕایان کرد، بە تایبەت بۆ کوردانی ئێزدی و مەسیحییەکان کە ببوونە ئامانجی پرۆسەکانی جینۆسایدکردن لەسەر دەستی گرووپی تیرۆریستی داعش. ئەوان کوردستانیان وەکو پەناگە هەڵبژارد. بە هۆی بەردەوامی نائارامی شار و ناوچەکانی خۆیان، زۆرینەیان هێشتا وەکو ئاوارە لە کەمپەکان ماونەتەوە. گەڕانەوەی ئاشتیانە و سەربەرزانەی ئەوان  بە هۆی بەردەوامی نائارامی و هەبوونی میلیشیاکان و چەکدارانی پەکەکە لە شەنگال و دەشتی نەینەوا، بەربەستی ڕژدی بۆ دروست بووە.

 ئەو دۆخە مرۆییەی لە دوای شەڕی داعشەوە دروست بووە، بە هۆی بەردەوامی کێشە ئابوورییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا، دۆخەکەی سەختتر کردووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان باوەڕی تەواوی هەیە کە جێبەجێکردنی تەواوەتی دەستووری عێراق زۆر لەو کێشانەی هەن چارە دەکات. بۆیە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ پشتگیریکردن لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکرات و ئۆقرە و ئارام و ئاشتیخواز لە عێراق لەسەر بنەمای پرەنسیپە دەستوورییەکان.

ئێمە سەرنجمان داوە کە هاووڵاتیانمان لە هەرێمی کوردستان ئەوانەی دەبنە قوربانی گرووپەکانی تاوانی ڕێکخراوی کۆچ، زۆرینەیان ئەوانەن کە لە ناوچە سنوورییەکان دەژین، ئەو هاونیشتیمانیانەی لە ناوچە سنوورییەکان دەژین کاریگەری نەرێنی گەورەی کێشە و ناکۆکییە هەرێمییەکان و پێکدانان و ململانێی نێوان وڵاتانی هەرێمی و گرووپە چەکدارەکان کەوتۆتە سەر ژیان و گوزەرانیان. ئەوانەش کە لە ناوچە جێناکۆکەکانی سنووری ماددەی 140دەژین، بوونەتە قوربانی ناکۆکی و پێکدادانی ناوخۆیی، نەبوونی سادەترین خزمەتگوزاری گشتیی و بەردەوامیی هەڕەشەی گرووپە تیرۆریستییە جۆراجۆرەکان. نەبوونی دەرفەتی گونجاوی کار بۆ هاووڵاتیانمان لەو ناوچانە، ئارامی و خزمەتگوزاری گشتیی، پاڵنەری بەهێزی کۆچی نایاسایین. کاریگەرییەکانی ڕاگواستن، ململانێی و ناکۆکی، ئابڵووقە و فشاری ئابووریی، زەمینەیەکی گونجاوی بۆ تۆڕەکانی تاوانی نێودەوڵەتی دروست کردووە، بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بکەنە قوربانی. ئێمە دۆخی بە قوربانیکردنی هاووڵاتیانی خۆمان لە ناوەخۆ و لە سنوورەکان لە لایەن تۆڕەکانی تاوان و گرووپەکانی بەقاچاخبردنی مرۆڤ دەبینین.

هەوڵەکانمان بۆ مامەڵەکردن بۆ دۆزینەوەی چارە بۆ کێشە ئابوورییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی هیوا بدەینە گەنجانمان و ڕێگری بکەین لەوەی لە لایەن تۆڕەکانی تاوانەوە یاری بە چارەنووسیان بکرێت، فرەسەرچاوە و هەمەچەشنکردنی ئابووریی یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نزیکەوە  لەگەڵ نوسینگەکانی گەشتیاریی هەماهەنگی دەکات بۆ ئەوەی کە ڕێگری بکرێت لە مامەڵە و چالاکی نایاسایی گەشتکردن. ئەم هەماهەنگییەی نێوان کەرتی تایبەت و حکوومەت کاریگەر بووە بۆ سنووردارکردنی چالاکی تاوانکاری تۆڕەکانی قاچاخچێتی ڕێکخراو. هەروەها کاری باشمان کردووە لە بواری کەمپەینی هۆشیارکردنەوە بە تایبەت لە ڕێی سۆشیال میدیاوە، ئەمەش بۆ پەروەردەکردنی هاووڵاتیان بە تایبەت گەنجەکان بۆ ئەوەی بە ئاگاییەوە مامەڵە لەگەڵ مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی بکەن. هەروەها دەستمان کردووە بە پرۆسەی کەمکردنەوەی پشت بەستن بە کاش. کارمەندانی دەوڵەت لە ڕێی پرۆژەی هەژماری من کە دەستپێشخەری سەرۆک وەزیرانە بە خێرایی دەبنە خاوەن هەژماری بانکی و کارمەندانی کەرتی تایبەتیش دەستیان کردووە بە گواستنەوە بۆ کەرتی دارایی و بانکی و پشت بەستن بە هەژماری فەرمی بانکی. هەروەها سوپاس بۆ هەماهەنگی و پێکەوەکارکردن لە گەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن، کە بەو هۆیەوە هەزاران سیمکاری تۆمارنەکراو دەستیان بەسەردا گیراوە و لەکار خراون کە دەکرا ببنە بەشێک لە کرداری نایاسایی و تاوان.

 

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment