پەکین داوا لە واشنتن دەکات بڕیاریی سەپاندنی باج هەڵبوەشێنێتەوە ئەگەرنا وەڵامیان دەبێت

پێنجشەممە، 3ـی نیسانی 2025، چین داوای لە ئەمەریکا کرد دەستبەجێ بڕیاری سەپاندنی باجی نوێ هەڵبوەشێنێتەوە، کە دوێنێ چوارشەممە دۆناڵد ترەمپ باجی بەسەر کاڵای زیاتر لە 180 وڵاتدا سەپاند.

ئەمەریکا بە ڕێژەی 34% باجی نوێی بەسەر کاڵاکانی چیندا سەپاندووە، ئەمە جگە لەو 20% باجی گومرکییەی کە پێشتر لەلایەن ئیدارەی سەرۆکی ئەمەریکاوە بەسەریدا سەپێنرابوو.

وەزارەتی بازرگانی چین داوای لە "ئەمەریکا کردووە دەستبەجێ باجی گومرکی تاکلایەنە هەڵبوەشێنێتەوە و بە شێوەیەکی دروست کێشەکان لەگەڵ هاوبەشە بازرگانییەکانی لە ڕێگەی گفتوگۆوە چارە بکات."

پەکین ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو هێرشەی لەلایەن کۆشکی سپییەوە دەستی پێ کردووە، لە ساڵی سییەکانی سەدەی ڕابردووەوە وێنەی نەبووە، بەمەش گەشەسەندنی ئابووریی جیهانی دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها کاریگەریی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکاش هەیە.

وەزارەتی بازرگانی چین، ئیدانەی ئەو بڕیارەی ئەمەریکای کرد و ڕایگەیاند "لەگەڵ ڕێساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتی یەک ناگرێتەوە و بە شێوەیەکی جددی ماف و بەرژەوەندیی لایەنە پەیوەندیدارەکان تێک دەدەن."  

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنی چوارشەممە، هەڵمەتێکی بازرگانی فراوانی ڕاگەیاند، بەتایبەتی دژی چین کە یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە گرنگەکانی وڵاتەکەی، هەروەها زۆرێک لە شارەزایان پێیان وابوو کە ئەو باجە نوێیانە  واشنتن سەپاندوویەتی زۆر زیادەڕەوییان تێدا کراوە.

وەزارەتی بازرگانی چین جەختیشی کردەوە، هیچ براوەیەک لە شەڕی بازرگانیدا نییە.هەر ئەمڕۆ گوتەبێژی وەزارەتەکە 'هی یادۆنگ' ڕایگەیاند "باجی نوێی 25% لەسەر کەرتی ئۆتۆمبێل، ڕەنگدانەوەی تاکلایەنە و سروشتی سەرەڕۆیانەی ئەمەریکایە."

 گوتیشی: پەکین و واشنتن پەیوەندییەکان دەپارێزن و وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرسە گرنگەکانی بازرگانی گفتوگۆ بکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment