ئەمساڵ بەهۆی تەقینەوەی مین چوار کەس مردوون

ئەمڕۆ ڕۆژی جیهانی هوشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە لە مین و ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان چوار کەس بەهۆی تەقینەوەی مین مردوون.

هەینی، 4ـی نیسانی 2025، عەلی عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای گشتیی کاروباری مینی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: تاوەکوو ئێستا لە سنووری پارێزگای هەولێر 53٪ـی زەوی لە مین پاک کراوەتەوە و ئەوەی ماوە بەگوێرەی پلانی ساڵانە کار لەسەر کێڵگە مینەکان دەکەین، تەنیا ساڵی ڕابردوو هەشت کێڵگەی مین پاک کراوەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای مین گوتیشی: ئەمساڵ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان چوار کەس بەهۆی تەقینەوەی مین مردوون و چوار کەسی دیکەش برینداربوونە.

باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ چەندین کارمەند و تیمی دەزگای مین لەناوچە گەشتیارییەکان، بەتایبەتی ئەو ناوچە گەشتیارییانەی نزیکی کێڵگە مینەکانن، ڕێنمایی و هوشیاری بە هاووڵاتییان و گەشتیاران دەدەن.

لەلای خۆیەوە نیازی ئەرگوشی، جێگری سەرۆکی گشتیی دەزگای مین لە هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پێویستە چالاکییەکانی تایبەت هوشیارکردنەوەی مین زیاد بکرێن، دەبوایە تا ساڵی 2018 تەواوی عێراق لە مین پاک کرابایەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەگوێرەی ڕێککەوتن 60٪ـی تێچووی پوچەڵکردنەوەی مین لەسەر عێراقە.

559کیلۆمەتر خاکی هەرێمی کوردستان لە مین پاک کراوەتەوە، کە 72٪ دەکات، بەڵام سەڕەرای ئەمەش تاوەکوو ئێستا حەوت هەزار مین ماون.

ئەنجومەنی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان 4ـی نیسانی هەموو ساڵێکی وەک ڕۆژی جیهانی هۆشیارکردنەوە لە مین، دیاری کردووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment