کۆمارییەکان هەڵمەتی سزای ئەوپەڕی فشار لە دژی ئێران ئامادە دەکەن

پاکێجێکی 10 پڕۆژە یاسا ئامادە دەکەن و سزایەکیان ڕاستەوخۆ دژی ڕێبەری باڵای ئێران دەبێت

کۆنگرێسمانە کۆمارییەکان هەڵمەتێکی چڕی فشاریان لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەست پێکردووە و هەوڵ دەدەن لە پاکێجێکدا، 10 پرۆژە یاسای سەپاندنی سزای توند بە سەر ئێران ئامادە بکەن، ئەگەر پرۆژە یاساکان تێپەڕێندرێن، ئەوە هەموو ئیدارەکانی داهاتووی ئەمەریکا دەبێت پابەندی بن.

ڕۆژنامەی واشنتن فری بیکۆن بڵاویکردووەتەوە، لیژنەی توێژینەوەی کۆمارییەکان، کە گەورەترین کۆمەڵەی پارتی کۆمارییەکانە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا، هەڵمەتەکەیان بە ناوی "قورسترین پاکێجی سزاکانی سەر ئێران لە مێژوودا" ئامادە دەکەن، جەخت کراوەتە سەر بڕین و وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی ئێران بۆ ڕێکخستن و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکەیە، هاوکات چڕکردنەوەی سزاکانە بەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران.

ئۆگەست فلوگەر، کۆنگرێسمانی کۆماریی سەرۆکی هەڵمەتی گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاساکان بە فری بیکۆنی گووتووە: لە کۆنگرێسدا هەوڵی کۆکردنەوەی پشتیوانییەکی تەواو دەدەن بۆ ئەوەی لە ماوەیەکی نزیکدا پاکێچی نوێی سزاکانی سەر ئێران ئامادە بکەن.

ئاشکراشی کردووە، یەکێک لەو سزایانەی لە پاکێجەکەدا جێگیر دەکرێت، تایبەت و ڕاستەوخۆ دژی ڕێبەری باڵای ئێران دەبێت.

فلوگەر دەشڵێت: هەڵمەتەکەیان بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە سزاکە زۆر بە پەلەیە، چونکە ئێران لەگەڵ ئەوەی لە دروستکردنی چەکی ئەتۆمی نزیک دەبێتەوە، لە هەمانکاتدا دژایەتی هەوڵەکانی ئیدارەی ترەمپ دەکات و ئامادەی دانوستان نییە، بەڵام پاکێچی سزاکان دەکرێت فشارێکی توند بن بۆ زیادکردنی فشارەکانی سەر سەرکردەکانی تاران.

هەروەها گەشبینی خۆی دەربڕیوە پڕۆژە یاساکان ڕەهەندی باشیان دەبێت و لە کۆنگرێس پشتیوانی دەکرێن بۆ تێپەڕاندن.

بە گوێرەی ڕۆژنامە ئەمەریکییەکە، ئەمە دووەمین پاکێجی سزای توندە لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەن ئۆگەست فلوگەر سەرۆکایەتی دەکرێت. پاکێجی یەکەمیان، کۆتایی هێنان بوو بە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێران لەلایەن عێراقەوە، کە پێشتر بەردەوام لە لایەن ئیدارەی بایدنەوە نوێ دەکرایەوە و داهاتەکەشی بۆ ئێران 10 ملیار دۆلار بووە.

ئۆگست فلوگەر پرۆژە یاسای کۆتاییهێنان بە لێخۆشبوونی کڕینی کارەبای ئێرانی پێشکەشی کۆنگرێس کرد و دواجار بە 259 دەنگی بەڵێ بەرانبەر 160 دەنگ کۆتایی بە لێخۆشبوونەکان هێنا.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی واشنتن فری بیکۆن، ئەگەر هەڵمەتی ئەمجارەی فلوگەر سەرکەوتوو بێت، ئەوا کۆتایی بە پشتیوانییە داراییەکانی ئێران بۆ بزووتنەوەی حەماس، حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەن دێت، لە هەمانکاتدا هەموو ئەو ئیدارانەی دوای ئیدارەی ترەمپ سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەگرنە دەست، دەبێت پابەندی ئەو پاکێجە سزایەی دژی ئێران بن.

 
 
Fly Erbil Advertisment