گۆڕانی کوردسات: کۆمیسیۆن کۆنفرانسی گۆڕانی گردی زەرگەتەی هەڵوەشاندەوە

بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، دەڵێت: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق سێ بڕیاری لەسەر بەستنی کۆنفرانسی هەردوو باڵی بزووتنەوەکە دەرکردووە.

چوارشەممە 9ـی نیسانی 2025، بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسی ڕۆژی 5ـی ئەم مانگەی گۆڕانی باڵی گردی زەرگەتەی هەڵوەشاندووەتەوە."

بە پێی زانیارییەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، کۆمیسیۆن کۆنفرانسی ڕۆژی 10ـی ئەم مانگەش کە بڕیار بوو گۆڕانی باڵی کوردسای بیبەستێت، دواخست. هەروەها کۆمیسیۆن وادەیەکی نوێی بۆ بەستنی کۆنفرانس دەستنیشان کردووە.

ئاماژەی بەوەش دا، "کۆمیسیۆن خۆی فەرمانی دەرکردبوو کە کۆنفرانس ببەستین، بەڵام ئەمڕۆ جارێکی دیکە ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بە بڕیارێک، گۆڕانکاری لە وادەی بەستنی کۆنفرانسەکەی سبەینێ کردووە و کاتێکی دیکە دادەنرێت؛ بۆ ئەم هەنگاوەش پابەندیی خۆمان بە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییەکان دەردەبڕین و چاوەڕێی کاتی نوێ دەکەین."

لەم بارەیەوە سەرچاوەیەک لە بزووتنەوەی گۆڕانی باڵی کوردسات، بە کوردستان24ـی گوت: هۆکاری نەبەستنی کۆنفرانسی سبەینێ، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە کۆمیسیۆن ئاگاداری کردووینەتەوە کە ئەوان هێشتا ئامادەکارییان بۆ کۆنفرانسەکە نەکردووە و پێیان ڕاگەیاندوون کۆتایی ئەم مانگە دەتوانین کۆنفرانس ببەستین.

ئەمەش لە کاتێکدایە، گۆڕانی باڵی گردی زەرگەتە، بە هەموو شێوەیەک ڕەتی دەکەنەوە کە کۆمیسیۆن کۆنفرانسەکەی ئەوانی هەڵوەشاندبێتەوە و دەڵێن: ئەنجامەکەمان ناردووە بۆ دائیرەی ئەحزاب بۆ پەسەندکردن.

 
Fly Erbil Advertisment