ریاڵ مەدرید هیچ هیوایەکی بە ئانچێلۆتی نەماوە

دوای دوو دۆڕانی لەسەر یەک بەرامبەر ڤالێنسیا لە خولی ئیسپانیا، هەروەها دۆڕانی یاری چوونی قۆناغی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئارسێناڵ، بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدریدی ناچار کردووە، لە ئێستاوە بیر لە شوێنگرەوەی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی یانەکەیان بکەنەوە.
ساڵی رابردوو بوو کاتێک یانە شاهانەکە گرێبەستی راهێنەرە ئیتاڵیەکەی، بۆ ماوەی دوو وەرزی دیکە واتە تاوەکو هاوینی ساڵی 2026 نوێکردەوە. ئەو کاتە مێرنگی بارودۆخی وەکو ئێستا خراپ نەبوو و کەس چاوەڕێ ئەم رۆژانەی نەدەکرد، بەڵام هەموو ئەگەرەکان بۆ ئەوەن، کارلیتۆ پێش ئەوەی گرێبەستەکەی کۆتایی بێت، رەنگە لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە.
رۆژنامەی مارکای وەرزشی ئیسپانی نزیک لە یانەی ریاڵ مەدرید زانیاری دەستکەوتووە، یەکێک لە بژاردەکانی فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەکە، خابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری یانەی بایەر لیڤەرکۆزنە، بەڵام ئەو راهێنەرە ئەستەمە تاوەکو کۆتایی گرێبەستەکەی واز لە پۆستەکەی بهێنێت، بۆیە پێدەچێت کارگێری یانە مەدریدییەکە هەنگاو بۆ راهێنەرێکی دیکە بهاوێژن.
دووەم بژاردەی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید بۆ وەرزی داهاتوو، یۆرگێن کلۆپ راهێنەری ئەڵمانی پێشووی یانەی لیڤەرپوولە، ئەو راهێنەرە دوای وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانە ئینگلیزیەکە، لەگەڵ هیچ یانەیەکی دیکە کاری نەکردووە و ئێستا بەڕێوەبەری گروپی تۆپی پێ ڕیدبولە و رەنگە لە پێناو ریاڵ مەدرید، بە ئاسانی لەو پۆستەی بهێنێت.