نێچیرڤان بارزانی: پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەرفەتێکە دەبێت هەمووان زۆر بە جیددی وەریبگرن

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئامادەیی هەرێمەکەی بۆ هەر هاوکارییەک لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتیی تورکیا دەربڕی. دەشڵێت: پێويسته په‌كه‌كه به دەم بانگه‌وازەکەی ئۆجەلانه‌وه بچێت و به ته‌واویی پابه‌ندى بێت.
ئێواره‌ى ئەمڕۆ هه‌ينى 11ـی نیسانی 2025، له چوارچێوه‌ى بهشداريكردنیدا له كۆڕبه‌ندى دیپلۆماسی لە ئەنتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌گه‌ڵ ڕەجەب تەيب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، كۆبووه‌وه.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، باسيان له گرنگيی پەیوەندییه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان له هه‌موو بواره‌كاندا کرد و تيشكيان خسته سه‌ر پرۆژه‌ى ڕێگه‌ى گه‌شه‌پێدان.
هه‌روه‌ها جه‌ختيان لەسەر خواستى دوولايهنه بۆ فراوانکردنی هاريكاريی هاوبه‌شى نێوانيان كرده‌وه، به شێوه‌يه‌ك خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى هه‌ردوولا بكات.
له ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باسيان له پرۆسه‌ى ئاشتى و دوا كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌ردۆغان له‌گه‌ڵ شاندى ئيمراڵى كرد. نێچيرڤان بارزانى، وێڕاى ستايشى ڕۆڵى سه‌رۆك کۆماری تورکیا لەم بارەیەوە، پرۆسهكهى به مێژوويى له قه‌ڵه‌م دا و جه‌ختى له‌وه كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ر هاوكارييهك له‌پێناو سه‌رخستنى پرۆسه‌كه‌دا ئاماده‌يه.
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، پرۆسه‌ى ئاشتیى تورکیا ده‌رفه‌تێكه ده‌بێت هه‌مووان زۆر به جددى وهريبگرن و نابێت به هيچ شێوه‌يه‌ك ئه‌م ده‌رفه‌ته له‌ده‌ست بدرێت.
دووپاتیشی کردەوە، بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌ى ئاشتى، پێويسته په‌كه‌كه به دەم بانگه‌وازەکەی ئۆجەلانه‌وه بچێت و به ته‌واویی پابه‌ندى بێت.
دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به گشتى و دۆخى سووريا به تايبه‌تى، گرنگيى پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.
نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە بانگهێشتێکی فه‌رمی بۆ به‌شداریکردن لە چوارەمین کۆڕبەندی ئەنتاڵیا، به سه‌ردانێک گه‌یشته تورکیا.