لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت

بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، پەرلەمانی عێراق لەسەر دەنگدان بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کۆبێتەوە.

هەینی 11ـی نیسانی 2025، چرۆ شەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی سیاسی کراوە کە رۆژی دووشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت و دەنگ بە پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێککەوتن لەگەڵ تەواویی لایەنە شیعی سونییەکان کراوە و بەڵێنی ئەوەیان داوە کە ئامادە بن لەو کۆبوونەوەیە و دەنگ لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە بدەن. 

ئەوەشی ئاشکرای کرد، ئەم ڕێککەوتنە لەلایەن هەردوو سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتییەوە لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەرلەمان کراوە، هەروەها خودی شاخەوان عەبدوڵڵاش، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕۆڵی گەورەی لەم پرسەدا گێڕاوە.

تا ئێستا چەندین جار لەسەر پرۆژە یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق کراوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی پەرلەمانتارە عەرەبەکان ڕێژەی یاسایی تەواو نەبووە و کۆبوونەوەکان دواخراون.

 
Fly Erbil Advertisment