بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق: سوودانی بۆ پێنج پرس لە هەولێرە

پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرۆک وەزیران سوودانی
پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرۆک وەزیران سوودانی

بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ تاوتوێکردنی پێنج پرس هاتووەتە هەولێر، یەکێکیان پەیوەندیی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانەوە هەیە. 

کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا. دواتر هەردوو سەرۆک وەزیران لە هۆڵی پێشوازیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بۆ ماوەی نزیکەی 15 خولەک گفتوگۆیان کرد.

ئامانجی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەولێر

د. عادل باخەوان، بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، لەبارەی سەردانی فەرمیی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ هەولێر و پێشوازیکردنی لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە؛ بـــــۆ ماڵپەری کوردستان24 قسەی کرد. 

بە گوتەی بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بۆ تاوتوێکردنی پێنج پرسی سەرەکیی هاتووەتە هەرێمی کوردستان:

1.    هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق.

2.    مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

3.    هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان.

4.    ڕێگەی گەشەپێدان .

5.    دەستپێکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا.

 

پێشوازیی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 

 

مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان

بە گوتەی د. عادل باخەوان "تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکانی سوودانی و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەبێت. هەڵوێستی ئێستەی سوودانی زۆر لاوازە. بە درێژایی مێژووش، هەموو سەرۆک وەزیرەکانی عێراق کاتێک هەڵوێستیان بەهێز بووە، کوردیان پشتگوێ خستووە، بەڵام کاتێک لاواز بوونە، ڕوویان لە کورد کردووەتەوە. لە عێراق بە شێوەیەکی نافەرمی بنەمایەک دانراوە، نابێت هیچ سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانێک دوو جار هەمان پۆست وەربگرێت. بۆیە لەو چوارچێوەیەدا، سوودانی هاتووە بۆ ئەوەی پشتیوانیی کورد بە دەست بهێنێت، تاوەکوو فشار لە سیاسییەکانی بەغدا بکەن دووبارە ئەو بکەنەوە سەرۆک وەزیران."

وەکوو ئەوەی بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق باسی کرد، سەرۆک وەزیران سوودانی نەیتوانیوە کێشە سەرەکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە بکات، بەتایبەت هەردوو پرسی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان. ڕەتیشی کردەوە، هیچ وەزیرێکی عێراقی ڕێگربووبێت لە بەردەم خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و گوتی: "تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق تەنها فەرمانبەرێکە نەک زیاتر، ئەوەی بڕیاری خەرجکردن یان ڕاگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدات، سەرۆک وەزیرانە. ڕاست نییە کە دەگوترێت فلانە وەزیر ڕێگریی کردووە. کێشەکە ئەوەیە، زۆر جار بەرپرسانی بەغدا شتێک دەڵێن و شتێکی دیکە دەکەن، واتا قسەکانیان ناکەنە کردار. بۆیە پێموایە سوودانی لە چارەکردنی کێشەی مووچە سەرکەوتوو نەبووە."

ئەمە پێنجەمین سەردانی محەممەد شیاع سوودانییە بۆ هەرێمی کوردستان لەوەتەی بووەتە سەرۆک وەزیرانی عێراق. د. عادل باخەوان گوتی "نزیکەی چوار ساڵە سوودانی سەرۆک وەزیرانە و تەنها پێنج جار هاتووەتە هەولێر. ژمارەی سەردانەکانی زۆر نین و دەبووایە لانیکەم تاوەکوو ئێستە بیتوانیایە کێشەی مووچە، کە سەرەتاییترین مافی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانە چارە بکات. لە بابەتی هەناردەکردنەوەی نەوتیش بە هەمان شێوە. زۆر جار لەم بابەتە کۆبوونەوەکان دوادەخرێن یان هەر ناکرێن."

 

 

 

کاریگەریی دانوستانی ئێران و ئەمەریکا لەسەر عێراق

ئەمڕۆ شەممە، 12-04-2025، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریکا لە پایتەختی عوممان دەستی پێ کرد. ستیڤ ویتکۆف، سەرۆکایەتیی شاندەکەی ئەمەریکا و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، سەرۆکایەتیی شاندی ئێران دەکات. وەزیری دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردەوە، ئێران ڕێککەوتنی دەوێت. دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکاش دووپاتی کردەوە، نەگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، هەموو بژاردەیەکیان لە بەردەمدا کراوەیە. 

بەرپرسی ناوەندی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق لەبارەی گفتوگۆکانی ئەمەریکا و ئێران و کاریگەریی لەسەر عێراق، گوتی "ڕێککەوتنی واشتن و ئێران لە بەرژەوەندیی یەکەمی عێراقدایە، چونکە ئەو کاتی ئەگەری زۆرە گرووپە چەکدارەکان و دەستەی حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنرێنەوە. بە پێچەوانەوە ئەگەر ڕێککەوتن نەکرا، ئەگەری زۆرە ئێران ڕووبەڕووی شەڕێکی سەخت و فراوان لەگەڵ ئەمەریکا ببێتەوە، ئەو کات عێراقیش پەلكێشی شەڕەکە دەکرێت. لە لایەک ئێران دەیەوێت عێراق لە بەرژەوەندیی خۆی بەکار بهێنێت و لە لایەکی دیکە ئەمەریکا، بۆیە بۆ بەغدا زۆر گرنگ دەبێت، گفتوگۆکانی عوممان ئەنجامێکی ئەرێنییان هەبێت و هەردوولا بگەنە ڕێککەوتن، ئەگەرنا داهاتوو زۆر خراپ دەبێت و وڵاتەکە تووشی چەندان قەیرانی جیاواز دەبێت."

 

کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر 

 

ناوەرۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سوودانی

دوای پێشوازیکردنی لەلایەن سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانییەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق چووە پیرمام و لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆبووەوە. 

بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەنراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و سوودانی، ئاماژەی بەوە داوە "لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی سیاسی و دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكان لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و ناوچەكە كرا."

سەرۆک بارزانی و سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا باس کراوە جەختیان "لە هەماهەنگیی نێوان لایەنە عێراقییەكان بۆ تێپەڕاندنی قەیران و ئاڵنگارییەكان و چارەسەریی كێشەكان كرایەوە."

 

کۆبوونەوەی سوودانی و سەرۆک بارزانی لە پیرمام

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش لە ڕاگەیەنراوێکدا ئـەوەی خستووەتە ڕوو "لە دیدارەکەدا پێداچوونەوە بە کۆی گشتیی بارودۆخ و پرسەکان لەسەر ئاستی نیشتمانیدا کرا، لە چوارچێوەی پابەندبوونی حکوومەت بە بنەمای هاوبەشیی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ هێزە سیاسییەکاندا." 

ئاماژە بەوەش دراوە، لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا "میکانیزمەکانی بەهێزکردنی تواناکانی عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، هاوکاریی هەردوو حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە شایستە نیشتمانییەکان، باس کرا."

سوودانی، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و داوای لێ کردن پەلە لە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.

باس لەوەش کراوە، لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی ستایشی سیاسەتی هاوسەنگیی حکوومەتی فیدراڵی بەرانبەر بە پێشهاتەکانی ناوچەکە، پابەندبوونی بە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق و ڕاوێژ و پەیوەندیی لەگەڵ هێزە سیاسییەکان لەسەر کۆی گشتیی پرسەکان کردووە. 

 

هەورامانی: سەردانەکەی سوودانی، بۆ چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گرنگە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەولێر، بۆ تاوتوێکردن و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولادا گرنگە. کۆبوونەوەکانی ڕابردووش ئەنجامی باشیان هەبووە. جەخت دەکەینەوە دانیشتن و گفتوگۆ، تاکە ڕێگەیە بۆ ئەوەی پێکەوە کێشەکان چارە بکەین."

 

 

 گوتەبێژی حکـوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی "خواستی ئێمەیە لە گۆڕانکاریی ئەمنی، سیاسی و ئابوورییەکانی ناوچەکەدا، ئێمەش ڕۆڵمان لە سەقامگیریی عێراق هەبێت، لە پاڵ ئەمەشدا حکوومەتی فیدراڵ، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بدات و دەستوور بکاتە بنەمای چارەکردنی کێشەکان." 

 

عەوادی: ئامانجی سەردانەکە پێداچوونەوەیە بە پرسە هاوبەشەکان

لە لایەکی دیکەوە باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق تایبەت بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیران سوودانی بۆ هەولێر "لە چوارچێوەی پرەنسیپی پەیوەندی و گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دێت و حکوومەت دەیەوێت ئەم پرەنسیپە لەگەڵ سەرجەم لایەنە بەشدارەکانی پرۆسەی سیاسیدا بپارێزێت."

 

 

لەبارەی تەوەری کۆبوونەوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، عەوادی گوتی "سوودانی گفتوگۆ و ڕاوێژ دەکات کە بریتییە لە پێداچوونەوە بە پرسە هاوبەشەکان لە ژێر ڕۆشنایی پێشهاتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان."

 

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment