بەریتانیا بە پارێزگابوونی هەڵەبجە پیرۆز دەکات: هیوای ئاییندەیەکی ئارام بۆ هەرێمی کوردستان دەخوازین

بەریتانیا بە بۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، پیرۆزبایی لە خەڵکی پارێزگاکە و هەرێمی کوردستان دەکات. وەزیرێکی ئەو وڵاتەش دووپاتی دەکاتەوە: هیوای بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان،  ئاییندەیەکی ئارام و سەقامگیر و خۆشگەزەرانییە.

پەیامی کونسوڵخانەی بەریتانیا بەبۆنەی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە

سێشەممە، 15-04-2025، کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی لەبارەی بڕیاری پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، بڵاو کردەوە. 

ڕۆژی دووشەممە، 15-04-2025، پەرلەمانی عێراق لە 37ـەمین ساڵیادی ئەنفالی دژی گەلی کورد، بە زۆرینەی دەنگ، پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد. 

کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقی بە "هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێیی" ناو بردووە و بەم بۆنەیەوە "گەرمترین پیرۆزبایی" لە خەڵکی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان دەکات.

 دوای پەسەندکردنی پرۆژەیاساکە، شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "سەرەڕای ڕێگریی بەشێک لە فراکسیۆنەکان، هەڵەبجە بووە 19ـەمین پارێزگای عێراق. هەموو فراکسیۆنەکان ڕۆڵی باشیان لە پەسندکردنی پرۆژەیاساکەدا هەبوو. هەروەها بەشێکی فراکسیۆنی عەرەبییەکانیش پشتیوان بوون لە پەسندکردنی پڕۆژەیاساکە."

 

 

وەزیرێکی بەریتانی: ئەنفال، هەڵمەتێکی دڕاندانە و نامرۆڤانە بوو

ڕۆژی دووشەممە، 14-04-2025، هامیش فالکۆنەر، وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا، بە بۆنەی 37ـەمین ساڵیادی تاوانی ئەنفالی دژی گەلی کورد، پەیامێکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە.  

فالکۆنەر لە پەیامەکەیدا گوتی:"هاوشێوەی ساڵانی پێشوو، لە 14ـی نیساندا، کۆ دەبینەوە بۆ یادکردنەوەی قوربانیانی هەڵمەتە دڕندانە و نامرۆڤانەکەی ئەنفالەکەی سەددام حوسێن. ئەو و بکوژە بەعسییەکان لە نێوان ساڵانی 1986 بۆ 1989، بە پلانی ورد، پەلاماری کورد و کەمینەکانی دیکەیان دا. ئەو کارە ترسناکانەی ئەنجام دراون، هەژمار ناکرێن، بەڵام ئاوارەکردنی زۆرەملێ، پەکخستن و کوشتنی 50 بۆ 100 هەزار کەس و وێرانکردنی بە ئەنقەست و بێباکی چوار هەزار گوندی کورد لەخۆ دەگرێت."

بە گوتەی ئەو وەزیرە بەریتانییە، تاوانی ئەنفال "هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراو بوو بۆ ئەوەی زۆرترین زیان بە کورد بگەیەنێت." هاوکات هاوخەمیی خۆی و حکوومەتی بەریتانیای بۆ خێزان و قوربانییانی تاوانی ئەنفال دەربڕی و دووپاتی کردەوە "هیوای بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، ئاییندەیەکی ئارام و سەقامگیر و خۆشگەزەرانییە بۆ گەلەکەی."

فالکۆنەر ئاماژەی بەوەش دا "ڕۆژی 16ـی ئادار کونسوڵی گشتیی بەریتانیا سەردانی هەڵەبجەی کرد و ئەو شوێنەی سەددام ترسناکترین چەکی کیمیایی لە دژی گەلی کوردستان بەکار هێنا. ناوبراو بە نوێنەرایەتیی بەریتانیا لەو یادە بەشدار بوو."

 

 

قۆناغەکانی پرۆسەی ئەنفال لە دژی گەلی کورد

پرۆسه‌ی ئه‌نفال به‌ هەشت قۆناغی جیاواز کرا و له‌ ساڵی 1986 ده‌ستی پێ كرد و تا ساڵی 1989 به‌رده‌وام بوو، له‌ ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌دا زیاتر له‌ 180 هه‌زار كوردی بێتاوان، به‌بێ جیاوازی ڕه‌گه‌ز و ته‌مه‌ن بێسه‌ر و شوێن كران.

عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، كه‌ به‌ عه‌لی كیمیایی ناسرابوو و ئه‌مینداری نهێنیی نووسینگه‌ی باكووری حزبی به‌عس و ئامۆزای سه‌دام حوسێنی سه‌رۆك كۆماری دیكتاتۆری له‌ناوچووی ئه‌و كاتەی عێراق بوو، سه‌ركردایه‌تیی هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفالی ده‌كرد، له‌كاتێكدا سوڵتان هاشم، وه‌زیری به‌رگری ئه‌وكاتی عێراق سه‌ركرده‌ی ڕاسته‌وخۆی سه‌ربازی پرۆسه‌كه‌ بوو.

هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفال له ‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو فه‌یله‌قی یه‌ك و پێنجی كه‌ركووك و هه‌ولێر، هێزێكی تایبه‌ت له‌ گاردی كۆماری و جه‌یشی شه‌عبی و به‌شێك له‌ فه‌وجه‌كانی به‌ناو به‌رگریی نیشتمانییه‌وه‌ کران.

دادگای باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌ 24ـی حوزه‌یرانی ساڵی 2007 سزای له‌سێداره‌دان و زیندانی هه‌تاهه‌تایی به‌سه‌ر 5 له‌ تاوانبارانی پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا سه‌پاند، ئه‌وانیش،  هه‌ریه‌ك له‌ تاوانباران عه‌لی حه‌سه‌ن مه‌جید، سه‌رپه‌رشتی پرۆسه‌ی ئه‌نفال و سوڵتان هاشم تائی، وه‌زیری به‌رگری و حوسێن ڕه‌شید تكریتی، جێگری سوپاسالاری ئه‌وكاتی عێراق بوون.

سزای زیندانیكردنی تاهه‌تایی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ تاوانباران سابر عه‌بدولعه‌زیز ئه‌لدوری به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی سه‌ربازی و فه‌رحان موتڵه‌گ جبووری به‌شدار له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال سەپێندرا.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment