فەرەنسا 12 دیپلۆماتکاری جەزائیری دیپۆرت کردەوە

وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بڕیاری جەزائیر بۆ دیپۆرتکردنەوەی 12 دیپلۆماتکاری فەرەنسی، فەرەنسا ڕایگەیاند: 12 دیپلۆماتکاری جەزائیری دیپۆرت دەکاتەوە و باڵیۆزی وڵاتەکەشی بانگهێشت کردەوە.
چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، کۆشکی ئەلیزێ لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دیپۆرتکردنەوەی 12 کارمەندی کونسوڵخانەی فەرەنسی لەلایەن بەرپرسانی جەزائیرەوە بە "ناڕەوا" و "تێنەگەیشتن" ناو دەبات.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوە کراوە، بەرپرسانی حکوومەتی جەزائیر بەرپرسیارن لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی هەردوولا و هەنگاوێکی هاوسەنگ بەرانبەر بەم هەڵوێستەی جەزائیر دەگیرێتەبەر و بەهەمان شێوە 12 دیپلۆماتکاری جەزائیری دیپۆرت دەکرێنەوە.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لەسەر ئەم بابەتە ستیفان ڕۆماتیت، باڵیۆزی وڵاتەکەی لە جەزائیر، بە مەبەستی ڕاوێژکردن بانگهێشت کردووەتەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی کۆشکی ئەلیزێ دەڵێت: سەر لەنوێ دەستپێکردنەوەی دیالۆگ لە بەرژەوەندیی فەرەنسا و جەزائیرە و داواش لە بەرپرسانی جەزائیر و عەبدولمەجید تەبوون، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە، کراوە بەرپرسارێتیی بۆ گفتوگۆکردن بگرنە ئەستۆ.