باڵیۆزی ئیتاڵیا: پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر نایابدان

نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق ڕایگەیاند: ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان ئامانجیان ئەوەیە سەقامگیریی لە ناوچەکەدا هەبێت.

چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کوردستان24، ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان لەبوارەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کوڵتوری لە ئاستێکی زۆر نایابدان؛ ئێمە کار دەکەین بۆ پێشکەوتنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ هەرێم.

باڵیۆزی ئیتاڵیا گوتی: سەردانەکانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بۆ ئەنتاڵیا و پاریس، هەوڵێکن بۆ سەقامگیریی ناوچەکە، ئیتاڵیاش پشتیوانییان دەکات.

دەربارەی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نیکۆلۆ فۆنتالیا، باسی لەوە کرد، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستە سەقامگیر بێت و لە ئەگەری گۆڕانکاریی لەناوچەکەدا، پێویستە ژیانێکی باشتر بۆ دانیشتووانەکەی دابین بکرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان زۆر کاریگەرە لە دروستکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا. هەرێمی کوردستان سەقامگیر و پتەوە؛ دەکرێت نموونەیەک بێت بۆ وڵاتانی دراوسێ. ئەوەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەیکەن، زۆر هاوکار و هەماهەنگە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

باڵیۆزی ئیتاڵیا جەخت لەوە دەکاتەوە "دەمانەوێت هەماهەنگییی زیاتر لە بواری کشتوکاڵدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەین."

 
 
 
Fly Erbil Advertisment