مەسرور بارزانی: حکوومەتی عێراق کەسوکاری قوربانییانی هەڵەبجە قەرەبوو بکاتەوە
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هەڵەبجە لەمێژە بووەتە پارێزگا و لەمێژە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی داوە.
چوارشەممە 16ـی نیسانی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: هیوادارم کابینەی نوێی حکوومەت زۆر زوو پێک بهێنرێت. دەشڵێت: ئێمە بەشێکین لەو گۆڕانکارییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.
گوتیشی: حکوومەتێکی بەهێز و کارا لە هەرێمی کوردستان دەتوانێت کاریگەریی لەسەر کۆی ڕووداوەکانی ناوچەکە هەبێت.
لەبارەی هەڵەبجەوە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە کرد، هەڵەبجە لەمێژە بووەتە پارێزگا و لەمێژە پەرلەمانی کوردستان بڕیاری بە پارێزگابوونی شارەکەی داوە.
باسی لەوەش کرد، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕووی داوە تەنیا داننانە بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، ئەمەش هیچ منەتێکی تێدا نییە. گوتیشی: داوا دەکەین حکوومەتی عێراق کەسوکاری قورباییانی هەڵەبجە قەرەبوو بکاتەوە.